داوای هەڵوەشاندنەوەی پارەی پڕۆژەی رووناکی دەکرێت

مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بە وەرگرتنی پارەی کارەبا لە هاوڵاتییان، هاوشێوەی پڕۆژەی رووناکی داوا لە بەرپرسانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەکات پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بکەن بە تایبەت کە لەئێستادا کارەبای نیشتمانیی بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە.

جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “پێویستە ئەو قورساییە زۆرەی خراوەتە سەر گیرفانی خاڵی هاوڵاتییان بە ناوی دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە کۆتای پێبهێنن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو بازدانە گەورەیەی لە بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا کرا بەهانەکەی ئەوە بوو کارەباکە دەبێتە 24 کاتژمێری، ئێستا کە ناتوانن کارەبا دابین بکەن پێویستە سیستمی وەرگرتنی ئەو پارە زۆرە هەڵبوەشێننەوە”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 2026/11/9، هێرشی درۆنی بۆ جارێکی تر کرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی کارەبای 24 کاتژمێرییە، بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راگیراو ، کارەبای نیشتمانیی (3 بۆ 4 کاتژمێر) کەمبووە و موەلیدە ئەهلییەکان خرانەوەکار، تاوەکو ئێستاش وادەی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دیار نییە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان