دادگاى فیدراڵیی له‌ باره‌ى هه‌رێم بڕیاریدا

مه‌ودا میدیا-

دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەبارەی دەستووریبوونی رێکارەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەرکرد.

دادگاى فیدراڵیی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا جەختی کردەوە، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان بەغدا و هەرێم نابێت زیان بە یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت بگەیەنێت یان دەسەڵاتە تایبەتەکان پارچەپارچە بکات، پاراستن، دابینکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە سەرجەم سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عیراق، بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵییە و مافی بڵاوەپێکردنی هێزە چەکدارە فیدراڵییەکانی هەیە.

باس له‌وه‌شكراوه‌ “دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی سەرپەرشتی، چاودێریی و کۆنترۆڵکردنی کارەکانی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عیراقیان هەیە، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەماهەنگیی گومرگی لەگەڵ هەرێمدا، دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە و گومرگەکان لە سەرتاسەری عیراق و هەرێم و بەستنەوەیان بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییەکانەوە لە دەسەڵاتی بەغدایە”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو “نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عیراقە و بەڕێوەبردنیان بە هاوبەشی دەبێت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی و دەزگا چاودێرییەکان دەسەڵاتی سەرپەرشتیی و وردبینییان لە کێڵگە، کردار و گرێبەستەکانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕکردن و هەناردەکردندا هەیە، داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی، دیاریکردنی پێناسەی گومرگیی یەکگرتوو و سەرپەرشتی و وردبینیکردن لە باج، رسوومات و داهاتە نانەوتییەکان لە عیراق و هەرێم و گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی گشتی لە دەسەڵاتی بەغدایە”.

هه‌روه‌ها “سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە 19/3/2003 لە ژێر ئیدارەی هەرێمدا بوون لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، بە رەچاوکردنی ماددەی 140 بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو سنوورە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە و ئیدارەدانی کرداریی هەرێم لەو ناوچانەدا هیچ دەسەڵاتێکی دەستووریی بۆ دروست ناکات.

له‌ كۆتایشدا هاتووه‌”بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و ناڕەزایەتیی 2 ئەندام دەرچووە، بنبڕە و جێبەجێکردنی بەسەر سەرجەم دەسەڵاتەکاندا سەپێنراوە”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان