مەودا میدیا-
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی ناوخۆدا پاشەكشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو، هەر مسقاڵێك بڕی 18 هەزار دینار لە نرخەكەی كەم بووەتەوە، بە جۆرێك مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 لە 906 هەزار دینارەوە دابەزیوە بۆ 888 هەزار دینار.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا پاشەكشەیەكی گەورەی كردووە و شەوی رابردووش پێش داخستنی بازاڕەكان نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە 3,644 دۆلاردا داخرا.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند “نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی ناوخۆدا پەیوەستە بە بازاڕەداراییەكانی جیهانەوە، ئێستاش ئەو كانزایە لە بازاڕەكانی جیهاندا زۆر پاشەكشەی كردووە، لەبەر ئەوەش لە بازاڕەكانی ناوخۆشدا نرخەكەی زۆر دابەزیوە”.
وتیشی “هێشتا هیچ ئەگەرێكی بەهێز بۆ كۆبوونەوە و رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران و كردنەوەی گەرووی هورمز نییە، ئەوەش كاریگەری لەسەر مانەوەی نرخی زێڕ بە نزمی هەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “یەكێك لە ئەگەر بەهێزەكان داڕمانی زیاتری نرخی زێڕە لە ماوەی داهاتوودا”.
ئ پ