مەودا میدیا-
دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ بەسەر هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە بووە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز و كارەبا، بڕیارە سبەینێ یەكشەممە بەشی (K-250)ـی كێڵگەكە بخرێتەوە كار و بەرهەمهێنانی غاز دەستپێبكاتەوە.
كۆچەر تاهیر، سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگەكانی غاز لە سلێمانی رایگەیاند “ئەو بەشەی كۆرمۆر كە سبەینێ دەكەوێتەوە كار توانای هەیە رۆژانە بڕی 400 بۆ 450 تۆن غاز بەرهەمبهێنێت، كە دەكاتە نزیكەی 20 بۆ 23 تانكەر غاز”.
وتیشی “ناوەندی شاری سلێمانی رۆژانە 12 تانكەر غازی بۆ تەرخان دەكرێت و ئەو تانكەرانەی دیكەش كە دەمێننەوە رەوانەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێن، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی غاز”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “لە دوای هێرشەكەی سەر كۆرمۆرەوە هیچ بڕە غازێكی نوێ نەگەیشتووەتە كارگەكانی سنووری سلێمانی و لەم ماوەیەدا تەنها سوود لە غازە كۆگاكراوەكان وەرگیراوە”، دڵنیاییشیی دایە هاوڵاتییان كە میكانیزمی كاركردنی كارگەكان وەك پێشوو بەردەوامە و هیچ گرفتێك لە ناو كارگەكاندا دروست نەبووە و تاوەكو كۆتایی ئەم هەفتەیەش هیچ كێشەیەكی كەمیی غاز روونادات.
ئ پ