ئەمڕۆ چارەنوسی نەتانیاهۆ یەكلایی دەبێتەوە، چی دەزانیت لە بارەی دۆخی هەڵبژاردنی ئیسرائیلەوە ؟

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە27ـی تشرینی یەكەم، ئیسرائیلییەكان دەستیان كرد بە دەنگدان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی وڵاتەكەیان، كە ئەمەش یەكەمین هەڵبژاردنە لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماسەوە لە 7ـی تشرینی یەكەمی 2023.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل رایگەیاند “سندوقەكانی دەنگدان بە رەسمی كراونەتەوە، لە پرۆسەیەكی دەنگداندا كە لە ناو دابەشبوونی قووڵی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ چاوڕوانییەك بۆ ئەوەی ئایا سەرۆكوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ دەتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، یان ركابەرەكانی سەركەوتوو دەبن لە كۆتاییهێنان بە ساڵانی درێژی حوكمڕانییەكەی؟”.

كێ مافی دەنگدانی هەیە؟
نزیكەی 7.3 ملیۆن ئیسرائیلی مافی بەشداریكردنیان لە دەنگداندا هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كێنیسەت كە لە 120 كورسی پێكهاتووە، لە نێویاندا زیاتر لە نیو ملیۆن گەنجی كوڕ و كچ هەن كە بۆ یەكەمجارە دەنگ دەدەن.

هەڵبژاردنەكە دوای نزیكەی سێ ساڵ لە جەنگ و پەرەسەندنی سەربازی لەسەر چەند بەرەیەك دێت، و لە سایەی بەردەوامیی دەرئەنجامەكانی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەم، كە دۆسیەكانی ئاسایش و لێپرسینەوە لە كەموكورییە ئەمنییەكانی هێنایەوە پێشەوەی گفتوگۆ سیاسییەكانی ئیسرائیل.

بڕیارە زۆربەی ناوەندەكانی دەنگدان لە كاتژمێر 10ی ئێوارە بە كاتی خۆجێی دابخرێن، و كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكانی ئیسرائیل دەست بكەن بە پەخشكردنی ئەنجامەكان، كە نیشاندەری سەرەتایی ئەنجامەكانی دەنگدان پێشكەش دەكەن، هاوكات چاوەڕوان دەكرێت ئەنجامە سەرەتاییەكان یەك لە دوای یەك دوای داخستنی سندوقەكان دەركەون.

كێ یەكلایی دەكاتەوە؛ نەتانیاهۆ یان ئایزنكۆت؟
راپرسییەكانی رای گشتی كە پێش هەڵبژاردن بڵاو كراونەتەوە، ركابەرییەكی نزیك نیشان دەدەن لە نێوان نەتانیاهۆ، سەرۆكی پارتی “لیكود” و درێژترین سەرۆكوەزیران لە دەسەڵاتدا لە مێژووی ئیسرائیلدا، و ركابەرە سەرەكییەكەی، گادی ئایزنكۆت، سەرۆكی پێشووی ئەكان و سەرۆكی پارتی “یەشار” كە بۆ یەكەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكات.

نەتانیاهۆ لە كاتی بانگەشە هەڵبژاردنییەكەیدا جەختی لەسەر ئەزموونی ئەمنیی خۆی و پەیوەندییەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كردەوە، و خۆی وەك ئەو كەسە نیشاندا كە توانای دابینكردنی ئاسایشی ئیسرائیلییەكانی هەیە لە سایەی گرژییە ناوچەیییەكاندا.

لە بەرامبەردا، ئایزنكۆت هەوڵ دەدات هێزە خوازیارەكانی كۆتاییهێنان بە حوكمڕانی نەتانیاهۆ كۆبكاتەوە، بە پشتبەستن بە مێژووی سەربازیی خۆی و رەخنەكانی لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حكومەت بۆ ئەو كەموكوڕییە ئەمنییانەی كە پێش هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەم هەبوون.

هەڵبژاردنەكان لە سایەی دابەشبوونێكدا دەربارەی داهاتووی سیاسیی وڵات و سرووشتی ئەو سیستەمەی كە دەبێت حوكمی بكات بەڕێوە دەچن، لە نێوان بەرەی نەتانیاهۆدا، كە پارتە راستڕەو و نەتەوەیی و ئایینییەكان لەخۆ دەگرێت، و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن كە هەوڵی گۆڕینی سەركردایەتی و پێداچوونەوە بە ژمارەیەك سیاسەتی ناوخۆیدا دەدەن.

خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ركابەرەكان كامانەن؟
لێپرسینەوە لە كەموكوڕییە ئەمنییەكانی كە رێگەیان بە روودانی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەم دا، بە یەكێك لە دیارترین دۆسیەكانی سەر مێز لە هەڵبژاردنەكاندا دادەنرێت. ئۆپۆزسیۆن نەتانیاهۆ تۆمەتبار دەكات بەوەی بەرپرسیارێتی سیاسیی هێرشەكەی هەڵنەگرتووە، لە كاتێكدا ئایزنكۆت بەڵێنی داوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی رەسمی سەربەخۆ پێكبهێنێت سەبارەت بەو كەموكوڕییانەی كە پێش رووداوەكە هەبوون.

هەروەها هەڵبژاردنەكان دوای چەند ساڵێك لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە و لبنان، و ئەو لێدانانەی كە ئێرانیان كردە ئامانج دێن، لە سایەی نیگەرانییە بەردەوامە ئەمنییەكان و دەرئەنجامە بەرفراوانە ناوچەیییەكاندا.

لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، دۆسیەی سەربازكردنی جوولەكە توندڕەوە ئایینییەكان لە سوپادا دەردەكەوێت، لە سایەی ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر بە بەردەوامیی لێخۆشبوونی خوێندكارانی پەیمانگە ئایینییەكان لە خزمەتی ئیجباری، لە كاتێكدا سوپا رووبەڕووی كەمیی ژمارەی سەربازان دەبێتەوە.

لە هەمان كاتدا، ئیسرائیل رووبەڕووی رەخنەی نێودەوڵەتیی روو لە زیادبوون دەبێتەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە غەززە، فراوانكردنی داگیركارییەكان و پەرەسەندنی توندوتیژیی نیشتەجێبووان لە كەناری رۆژئاوای غەززە.

ئەم دۆسیەیە رەهەندێكی تری بۆ هەڵبژاردنەكان زیاد كردووە، كە تەنها سنوردار نییە بە دیاریكردنی ناسنامەی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، بەڵكو پەیوەندیشی بە داهاتووی پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ هاوپەیمانەكانی و پێگەكەیەوە هەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

ئایا دەنگەكانی دەنگدەران بەسە بۆ كۆتاییهێنان بە حوكمڕانی نەتانیاهۆ؟
ركابەریی نێوان نەتانیاهۆ و ئایزنكۆت بەو مانایە نییە كە ئەو پارتەی زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دڵنیای دەكات لە پێكهێنانی حكومەت. سیستەمی هەڵبژاردنی ئیسرائیلی پشت بە نوێنەرایەتی رێژەیی پێڕستە حزبییەكان دەبەستێت، و پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە بەدەستهێنانی پشتیوانیی 61 ئەندام هەیە لە كێنیسەتدا كە لە 120 كورسی پێكهاتووە.

راپرسییەكانی رای گشتی كە پێش دەنگدان بڵاو كراونەتەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە هیچ كام لە دوو بەرەكە پێشوەختە دەستەبەری بەدەستهێنانی ئەم زۆرینەیە ناكەن، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ گفتوگۆی هاوپەیمانی كە رەنگە چەندین هەفتە بخایەنێت.

پارتە عەرەبییەكان رەنگە رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن ئەگەر ئەنجامەكان نزیك بن، سەرەڕای ئەوەی كە پارتە سەرەكییەكانی هەردوو بەرەكە ئامادەیی روونیان نییە بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵیاندا.

دوای دەركەوتنی ئەنجامەكان چی روودەدات؟
دوای دەركەوتنی ئەنجامە كۆتاییەكان، سەرۆكی ئیسرائیل ئیسحاق هەرتسوغ راوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پارتەكاندا دەكات، پێش ئەوەی متمانە بداتە ئەو كاندیدەی كە بە گونجاوی دەبینێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

كاندیدە راسپێردراوەكە مۆڵەتی تا 42 رۆژی پێدەدرێت بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك، و ئەگەر هەوڵەكان سەركەوتوو نەبن ئەوا رەنگە وڵات ناچار بێت بۆ هەڵبژاردنی نوێ.

ئەنجامە سیاسییەكە بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە لەسەر دابەشبوونی كورسییەكان و توانای بەرە ركابەرەكان بۆ بونیادنانی هاوپەیمانییەك كە توانای حوكمڕانی هەبێت، لە ناو دابەشبوونی ناوخۆیی و فشارە ئەمنیی و دیپلۆماسییە پەرەسەندووەكاندا.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان