مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ئاشکرایکرد دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عیراق بە کەموکوڕیەوە ، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتەکەیان کراوە، بە پێویستیان زانی وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم راستییانەی خوارەوە بکەنەوە.
١- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لەبەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک لەمووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.
٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٣٦ ) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر، ( بۆ نموونە خانەنشین هەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنها یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێكیان مووچەی مانگی ١٠ ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمسال بەڵام تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە).
٣- بەپێی نووسراوی ژمارە( ٣٦٦ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/١/٢٧ ) داوای خەرجکردنی بڕی ( ٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦ ) دووسەد و هەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و یەک هەزار و دووسەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی ٣٦ ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕی ( ٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧ ) دوو سەدو چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.
٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ( 12ی شوباتی 2026) نووسراوی دووەممان بە ژمارە ( 1164/4/7 ) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی ( 36،360،864،859 ) دیناریان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
٥- بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “حکومەتی هەرێم بە شانازییەوە هەمیشە داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا”.
ب ح
