پڕۆژەیەکمان ئاڕاستە لایەنەکان کردووە

مەودا میدیا-

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد دواخستنی کاروبارەکانی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت خەمساردییە بەرانبەر دەنگدەران و لەبەرچاو نەگرتنی خراپی گوزەرانی خەڵکی کوردستان، بە گشت چین و توێژەکانەوە بە گشتیی و بەتایبەت مووچەخۆران.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “پرۆژە پێشنیارکراوی (ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان)یان ئاڕاستەی هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەریان و دیاریکردنی ستراتیجێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە شایستەی کوردن لە بەغدا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەرەڕای رادەستکردنی نەوت و بەشێک لە داهاتی ناوخۆ و پابەندە کارگێڕییەکان، بەڵام بەغدا بەردەوامە لە دواخستنی قوتی خەڵکەکەمان و سیاسەتی گەمارۆ خستنە سەر هەرێمی کوردستان، لە تازەترین پێشهاتیشدا رێگری دەکەن لە گواستنەوەی بەروبوومی جووتیارانی کورد بۆ شارەکانی عیراق”.

ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێم چاوبخشێننەوە بە کارەکانی رابردوویان و هەڵگەڕانەوی عەشیرەتی نەتەوەکانی تر بکەنە خاڵی بەخۆداچوونەوە و تەنها پشت بەهێز و بازووی میللەتەکەیان ببەستن لە تێکۆشانەکەیان”.

باسی لەوەشکرد ” جەنگی 12 رۆژە و توانای بەرپەرچدانەوە و تێکشکانی قوبەی ئاسنین لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە فاکتەرن بۆ رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان