مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد بەمەبەستی گەیاندنی داواکاریی و گرفتەکانی هاوڵاتییان و خاوەنکاران 2026/1/22، سەردانی پارێزگاریی بانکی ناوەندییان کردووە.
د.بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند “لەسەر رۆشناىی داواکەیان بانکی ناوەندیی گشاندنی بۆ سەرجەم بانکە رێپێدراوەکان و دامەزراوە داراییەکانی تر (سەیرەفە و کۆمپانیای حەواڵە و هتد) کردووە سەبارەت بە راگرتنی جیاوازی لەنێوان دۆلاری چاپی کۆن و نوێ”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەپێی خاڵەکانی 6/أ و 6/ب و 2/6/ج، شتێک نییە بە ناوى چاپی کۆن و تازە یان دەبێت سەرجەم چاپەکانی دۆلار بگۆڕدرێت بەهەمان نرخ یان ناگۆڕرێت، نەگۆڕینی چاپی دۆلار هۆکاری هەیە کە لەو خاڵانە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە بۆ نموونە دۆلارەکە دڕاو یان شۆراو یان بڕراو بێت، هەر بانک و نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو بەردەوام بێت لە جیاوازیکردن رێکاری یاسایی تووندیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەوەی تێبینییان کردووە سەرەڕای ئەم گشتاندنە هێشتا ئەو جیاوازییە دەکرێت، بۆیە لەسەر ئەم مەلەفە بەردەوام دەبن و هەوڵی چارەسەری ریشەيى دەدەن و ئەو دامەزراوانەی پابەند نابن پێويسته لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.”.
ب ح