فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان به‌رانبه‌ر كۆشكى سپى بیندراوه‌

مه‌ودا میدیا-

راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ئەمەریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان بەسەر سەربازگەیەکی واشنتۆن دی سی بینیوە، ئەمەش لە پێشهاتێکی ئەمنیی بەرچاودا کە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سێ کەسی ئاگادار لە وردەکارییەکان باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی فۆرت مەکنەیر بینراوە کە شوێنی نیشتەجێبوونی وەزیری دەرەوەى ئه‌مه‌ریكا مارکۆ روبیو و وەزیری بەرگریی پیت هێگسێتە. تا ئێستا دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە سەرچاوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دیاری بکەن.

بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەو وڵاتە، لەژێر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی هۆشداریی دوای هێرشەکانی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەگەری پەرەسەندنی هەڕەشەکان، سوپا رێوشوێنەکانی چاودێری و ئامادەیی زیادکردووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بینینی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە شەوێکدا لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی رووداوەکە.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمه‌ریکا ئاستی ئاگادارکردنەوەی ئەمنی خۆیان بۆ “چارلی” بەرزکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسییەکی ئەگەری. لەوانە بنکەی هێزی ئاسمانی مەکگوایەر-دیکس-لەیکهێرس لە نیوجرسی و بنکەی هێزی ئاسمانی ماکدیل لە فلۆریدا کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمه‌ریکای تێدایە.

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دەرکردنی ئاگادارکردنەوەی ئاسایشی جیهانیی بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی واشنتۆن و ئەنجامدانی پێداچوونەوەی دەستبەجێی بە رێکارە ئەمنییەکان لە پێشبینیکردنی ئەوەی کە بە “کاردانەوەی ئەگەری” لە پەرەسەندنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کرد.

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان