گەرووی جەبەل تارق، لە خاكی ئیسپانیادایە، بەڵام موڵكی بەریتانیایە و بە تەواوی كۆنترۆڵی كردووە.


مەودا میدیا-
جەبەل تارق، دەكەوێتە باشووری ئیسپانیا و باكووری مەغریب، گەروویەكە زەریای ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاست بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەرچەندە بە خاكی وشكانیی ئیسپانیاوە لكاوە، بەڵام خاكی ئیسپانیا نییە و بەشێكە لە خاكی بەریتانیا.

گەرووەكە دەكەوێتە نێوان زەریای ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاست و لە باشووری ئیسپانیادایە.

بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی بەریتانیا ئەم گەرووە بچووكەی گرتووە؟
ئامانجی بەریتانیا ئەوەیە كە بتوانێت كۆنترۆڵی ئەم گەرووە بكات، هەر كەشتییەك كە بیەوێت بەم رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا تێپەڕێت، دەبێت بە نزیك ئەم جەبەل تارقەدا بڕوات.
سەیرەكە ئەوەیە كە وڵاتانی ئەمبەر و ئەوبەری گەرووەكە، واتە ئیسپانیا و مەغریب، هیچ رۆڵێكیان لە كۆنترۆڵكردنی ئەم گەرووەدا نییە و هەموو شتێك بەدەست ئینگلیزەكانەوەیە.

چۆن گەرووی جەبەل تارق كەوتە دەست بەریتانیا؟
تا سەدەی هەژدەیەم جەبەل تارق بەدەست ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیاوە بوو. كە ئیمپراتۆریەتێكی زۆر بەهێز بوو و لە هەموو شوێنێك ئامادەیی هەبوو. لەو كاتەدا پەیوەندی نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا بەرەو باشبوون دەچێت، بە جۆرێك دەبنە دوو دۆستی نزیك لەیەك، بۆیە ئینگلیزەكان زۆر نیگەران دەبن و دەڵێن ئەمە واتای چییە؟ دوو دوژمنی ئێمە خەریكە بە تەواوی یەكدەگرن!

لەبەرئەوەش ئینگلتەرا جەنگی لە دژی ئەو دوو وڵاتە راگەیاند لە هەر خاڵێكدا كە هێزەكانیان ئامادەییان تێدا هەبێت. چ لە ئەمریكای باكوور، چ لە ئەمریكای باشوور، چ لە ناوەڕاستی ئاوەكان، چ لە ئەفریقا و چ لە ئەوروپاش، لە هەر شوێنێك كەشتییە ئیسپانی و فەرەنسی و ئینگلیزییەكان یەكتریان دەبینی، دەستیان بە شەڕ دەكرد، بەڵام چ شەڕێك!

لەو كاتەدا بەخت یاوەری ئیسپانیا و فەرەنسا نەبوو، چونكە بەریتانیا هێزی دەریاییەكەی رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبوو، بە جۆرێك كە ئیتر لە جیهاندا ركابەری نەمابوو.
ئەوان شەڕی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیایان كردە بیانوو و لە جەبەل تارق دابەزین و ئەوێیان داگیركرد، هێندە كەشتییە ئینگلیزییەكان پێشكەوتوو بوون كە هەرگیز رێگەیان نەدەدا سوپای ئیسپانیا لە رێگەی وشكانییەوە بێت و دەریان بكات، لە وشكانیشەوە بە تۆپەكانیان لێیان دەدان.

جەبەل تارق تەنها شاخێكە، بۆیە كاتێك ئینگلیزەكان لەسەر ئەم شاخە جێگیر بوون، ئیتر نەدەكرا دەربكرێن. ئیسپانییەكان زۆر هەوڵیاندا كە ئێرە لە ئینگلیزەكان وەربگرنەوە، تەنانەت تا سەدەی بیستەمیش هەوڵەكانیان بەردەوام بوو، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، لە كۆتاییدا وازیان هێنا و دواجار جەبەل تارق لەمڕۆدا بووەتە یەكێك لە خاكە دەرەكییەكانی بەریتانیا یان وەك خۆیان دەڵێن تێریتۆری.

وەرگێڕان، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان