رێکارەکانى خوێندن بە ئۆنڵایـن بڵاوکرایەوە

مەودا میدیا-

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستىی هەرێم رێکارەکانى تەواوکردنى خوێـندنی بەشێوازى ئۆنڵایـن و دیجیتاڵى بڵاودەکـردەوە و ئاشکرایکرد لەمڕۆوە پرۆسەکە دەستپێدەکات.

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستىی هەرێم بڵاویکردەوە “ئاماژە بە کۆبوونەوەى نائاسایى ژمارە (2) ى ساڵى (2026)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە رۆژى یەکشەممە (2026/3/29) بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بفەرمون بە وەرگرتنى رێکارەکانى تەواوکردنى پڕۆسەى خوێندن بۆ ساڵى (2025- 2026) بەمشێوەیەى خوارەوە.

1- پڕۆسەى خوێندن لە (2026/3/30) بەشێوەى ئۆنلاین و دیجیتاڵى لە سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیشەوە.

2- دەسەڵات دەدرێتە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى شوێنى جوگرافى و تایبەتمەندى بەشە زانستییەکان بۆ گرتنەبەرى هەر شێوازێکى خوێندنى ئۆنلاین و دیجیتاڵى و بەکارهێنانى یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان.

3- سەرەڕاى خوێندنى ئۆنلاینى ڕاستەوخۆ، زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە تەواوى وانەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى دەسەبەر بکەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەى کە بەکارى دەهێنن بۆ وانە وتنەوە.

4- کۆلیجە پزیشکییەکان جگە لەو بابەتانەى کە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراکتیکى و تیۆرییەکانى تر دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەکان و بەردەوامى بەخوێندن بدەن.

5- ئەو وانانەى کە بەشێوەى ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ دەگوترێنەوە، پێویستە لەکاتى دەوامى فەرمى و خشتەى وانەکانى ڕۆژانە دابن، واتە نابێت بخرێنە دواى دەوامى فەرمى و شەوان.

6- سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکان، ئەو وانانەى کە دەکرێت لەڕێگەى ئۆنلاین بوترێنەوە بەپێى پسپۆڕییە جیاوازەکان، ئەوا بەشێوەى ئۆنلاین دەگوترێنەوە، ئەو وانە پراکتیکیانەشى کە پێویستى بەناو کەمپەس دەبێت، زانکۆ چاوەڕێى هەڵسەنگاندنى بارودۆخى هەفتەکانى دواتر دەکەن بۆ ئەوەى لەکاتى ئاسایى بوونەوەى بارودۆخەکە لەناو کەمپەس وانەکان بوترێنەوە.

7- سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، پێویستە لەسەر زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخەکە بەپێى خشتەیەکى گونجاو بۆ هەر کۆلیج و بەشێکى زانستى تاقیکردنەوەکان ڕێکبخرێن، بەمەرجێک ڕەچاوى هاتوچۆى خوێندکارانى دەرەوەى شار بکرێت، لەهەمان کاتیشدا خشتەى کۆلیجەکان لەیەک کاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستى دروست نەبوونى قەرەباڵغى ناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان.

8- کۆڕسى خولەکانى پێداگۆجى و سەنتەرەکانى زمان بەشێوەى ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

9- گفتوگۆى نامەکانى (ماستەر، دکتۆرا) هەروەک پێشتر وەزارەتمان بڕیارى لەبارەوە دابوو، تەنها سەرۆک و ئەندامانى لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەى گفتوگۆکە دەبن.

10- بەڕێوەبەرایەتى ئایتى لەسەرۆکایەتى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەرکى خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەکردنى هەر گرفتێکى تەکنیکى بۆ کۆلێج و بەشەکان و هاوکاری کردنى خوێندکاران و قوتابیان.

11- بۆ هەر پرسێک کە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەى پێنەکراوە، ئەوا زانکۆ و پەیمانگەکان پەیوەندى بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى ناو دیوانى وەزارەت دەکەن بەمەبەستى ڕێوشوێنى کردنیان.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان