مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە 4/14 كە ساڵڕۆژی تاوانی ئەنفالە بەشێكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان سەردانی مەزاری ئەنفالكراوانیان لە گوندی دێبنە لە قەزای رزگاری كرد.
شیلان ئەمین، یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان كە بەشێكی زۆری خێزانەكەی ئەنفالكراون بە مەودا میدیای راگەیاند” دەیان ساڵە ئەوان داواكاری ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم دەكەن، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم وەڵامی بەشێكی زۆر لە داواكارییەكانیانی نەداوەتەوە”.
وتیشی” ئەوان تا ئێستا نازانن گۆڕی كەسوكارەكانیان لەكوێیە، بۆیە داواكاری سەرەكییان لە حكومەت هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق و هێنانەوەی ئێسك و پروسكی كەسوكارەكانیانە بۆ باوەشی نیشتمان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد” پێویستە حكومەتی هەرێم چیتر چاوەڕێ نەكات و پشكنینی (دی ئێن ئەی) كەسوكاری ئەنفالكراوان لەگەڵ ئەو ئێسك و پروسكانە بەراورد بكات كە پێشتر هێنراونەتەوە و بەخاك سپێردراونەتەوە بۆئەوەی هیچ نەبێت بەشێكی كەمیان گۆڕی كەسوكارەكانیان بناسنەوە”.
ئ پ