مەودا میدیا-
سبەینێ پەرلەمانی عیراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسایەک دەكات بە ناوی خزمەتی ئاڵا، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرە ملێ.
هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند “پێشنیازە یاسایەکە خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و جگە لە بەهێزكردنی سوپا، چارەسەری بێکاریی لەنێوان گەنجانی وڵاتدا دەکات.
بەپێی پێشنیازە یاساکە، هەر هاوڵاتییەک لە تەمەنی 18 ساڵیدا بانگهێشت دەکرێت، بەڵام لە تەمەنی 19 ساڵیدا خزمەتى سەربازیی دەکات، لە تەمەنی 45 ساڵیشدا كۆتایی بە خزمەتی سەربازیی دێت، بەڵام بانگهێشتی یەدەگ هەیە کە تاوەکو تەمەنی 50 ساڵی، لە بارودۆخی تایبەتدا کە حکومەت لە هەردوو حاڵەتی بانگهێشتی 18 ساڵی و 50 ساڵی بڕیاری لەبارەوە دەدات.
لە پێشنیازە یاساکەدا، ئەوانەی خێزاندارن مووچەی سەربازیی خۆبەخشی پێدەدرێت لە ماوەی خزمەتەكەیدا، فەرمانبەرانی دەوڵەت بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی مووچەكانیان لە فەرمانگە سەرەكییەكانیان، هەروەها یاساكە رێگە دەدات لە پارەدان لەبری خزمەتی سەربازی، بڕی ئەم پارەیەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاری دەكرێت.
پاداشت و سزا لە پێشنیازە یاساکەدا هاتووە و ئەژماركردنی ماوەی خزمەتی سەربازیی بۆ مەبەستی خانەنشینی و پلەبەرزكردنەوە، ئەوانەی خزمەتی سەربازیی تەواو دەكەن لە دامەزراندندا ئەولەویەتیان پێدەدرێت، هەروەها لایەنە حكومی و تایبەتەكان پابەند دەكرێن پارێزگاری لە ئەركی ئەو كەسانە بكەن كە بە سەربازیی زۆرەملێ رادەسپێردرێن.
ب ح