عەرەبە دەشتەکییەکەی قامیشلۆ دەستگیرکرا

مەودا میدیا-

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکەی ئاشکرایکرد ئەو کەسەی تەقەی لە ئاڵای رۆژئاوای کوردستان کردووە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند “بە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونیان بە پاراستنی ئاشتیی مەدەنی و پاراستنی هێما و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، هێزەکانیان حسێن ئەلحەسو دەستگیرکردووە، ئەوەش دوای تێوەگلانی لە کردەوەکانی دەستدرێژیکردن کە هێماکانی کوردی لە شاری قامیشلۆ کردە ئامانج “.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هێزەکانیان شوێنی داواکراوەکەیان دەستنیشانکردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی کاتی سوریا لە ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمنی و زانیاریی هەواڵگریی کاتژمێر 3:00ی بەیانی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە”.

ئەوەشی خستەڕوو “لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ئەم کردەوە تێکدەرانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و چاندنی ناتەبایی و دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکان کە چێژ لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە وەردەگرن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان