ناتانیاهۆ نه‌یتوانیوه‌ تره‌مپ رازیى بكات بۆ هێرشكردنه‌وە سه‌ر ئێران

مه‌ودا میدیا-

ئاژانسى هه‌واڵى رۆیتەرزى ئه‌مه‌ریكى ئه‌مڕۆ دووشەممە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێدەسەڵاتە لە کاریگەریکردن لەسەر هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، دوو سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە، نەتانیاهۆ لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا بە هاوکارە نزیکەکانی راگەیاندووە، ئیسرائیل توانایەکی کەمی هەیە بۆ کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئێران، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمه‌ریکا دانوستان دەکات بۆ رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر سەریهەڵدا.

ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، ئەو لێدوانەی نەتانیاهۆ کە لەلایەن دوو بەرپرسی ئیسرائیلییەوە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز گواسترایەوە، لەکاتێکدایە ئیسرائیل تاڕادەیەکی زۆر لە دانوستانەکان دوورخراوەتەوە کە ئامانج لێی گەیشتن بە رێککەوتنی پێشوەختە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی هاوبەشی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیلەوە سەریهەڵداوە.

ناتانیاهۆ داوای توانای درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەو شتانە دەکات کە ئیسرائیل بە هەڕەشە دەزانێت لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لوبنان، مەرجێک کە ئەگەری هەیە رێککەوتنێک لە رێڕەو دەربهێنێت ئەگەر ئێران پێداگریی لەسەر وەستاندنی تەواوەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان بکات.

یەکێک لەو بەرپرسە ئیسرائیلییانەی کە بەشدارن لە گفتوگۆ تایبەتەکان لەگەڵ نەتانیاهۆ رایگەیاندووه‌ “سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا دانوستان لەسەر دەکرێت”.

هه‌روه‌ها بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووه‌ “رێککەوتنەکە بریتیی دەبێت لە کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمه‌ریکاوە، دواتر دانوستانی زیاتر لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان دەکرێت”.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردووە “لەکاتێکدا رێککەوتنەکە دەستبەجێ نیگەرانییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کەڵەکەکانی ئێران چارەسەر ناکات، نەتانیاهۆ لەوە تێدەگات کە ئیسرائیل لە ئێستادا هیچ رێگەیەکی نییە بۆ کاریگەریکردن لەسەر ترەمپ”.

ترەمپ و نەتانیاهۆ هەفتەی رابردوو لانیکەم سێ جار لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کردووە، لەو ماوەیەدا بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەمه‌ریکا کە ژێرخانی وزەی ئێران دەکاتە ئامانج.

دوای ئەوەی یەکەمین پەیوەندی لە سێ پەیوەندییەکەدا کە شەوی سێشەممە ئەنجامدرا، پەیامنێران پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە چی بە نەتانیاهۆ وتووە، ترەمپ لە وەڵامدا وتی “ئەو كه‌سێكى زۆر باشه‌، هەموو ئەو کارانە دەکات کە من دەمەوێت بیکات”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان