مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و باران کە بە (بارانی بنێشت شۆر) ناسراوە، ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر دابەزینی پلەکانی گەرما دەبێت.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای رایگەیاند “شەوی شەممەی داهاتووەوە (29ی ئاب) تاوەکو رۆژی دووشەممە (31ی ئاب)، بارستە هەوایەکی شێدار روو لە ناوچەکە دەکات و ئەگەری نمەباران و بارانی سووک لە ناوچە شاخاوییەکان و بەشێک لە شارەکان هەیە، کە لەناو خەڵکدا بە بارانی (بنێشت شۆر) ناسراوە (مەبەست لێی شۆردنەوەی ئەو گڵ و قوڕەیە کە بۆ کۆکردنەوەی بنێشتی دارەبەن بەکاردەهێنرێت)”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بە هاتنی ئەو شەپۆلە، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە دابەزین دەکەن و لە هەندێک ناوچەدا هەورە برووسکە دروست دەبێت، رۆژی سێشەممە (1ی ئەیلول) کاریگەریی ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت، داوا لە هاوڵاتییان دەکات پێویستە زۆر ئاگاداربن لە هەورە بروسکە و کەوتنەوەی ئاگر پێش بارانبارین، کە ئەگەری هەیە دروست ببێت”.
ب ح