مهودا میدیا-
موستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بە بۆنەی 1ی ئایار، رۆژی تێکۆشان و پشتیوانی لە رەنجدەران، ژنان، گەنجان و تەواوی مرۆڤایەتیی دهڵێت، دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە سەروەریی خۆی لەسەر کورد دروست بکات.
موستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاند “گرووپی ئاپۆیی وەک تەڤگەرێکی سۆسیالیست هاتە سەر شانۆی مێژوو ، لە کوردستاندا تەڤگەر و پارتێک دامەزرا کە باوەڕی وابوو ئازادی، دیموکراسیی و سەربەخۆیی تەنها بە ئایدۆلۆژیای سۆسیالیست و بەرنامەکەی بەدی دێت، هەر لەبەر ئەوەش خۆی وەک پارتی کرێکاران ناوزەد کرد”.
وتیشى “بە پێشەنگایەتیی هاوپەیمانی کرێکاران و گوندنشینان، ئامانجی خۆی بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموکراسیی و سۆسیالیزم دیاری کرد، لەم رووەوە هەر لە سەرەتاوە وەک نەورۆز، خاوەندارێتی لە 1ی ئایار کرد و پێش هەر 1ی ئایارێک، بە عەقڵییەتێکی سۆسیالیستییەوە بڵاوکراوەکانی 1ی ئایاری ئامادە دەکرد و لە هەموو شوێنێک بڵاوی دەکردنەوە، لە هەر شوێنێک هەبوونی هەبوایە، بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداریی 1ی ئایاری دەکرد و لەم بارەیەوە، ئاپۆییەکان رۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی هۆشیاریی 1ی ئایاردا گێڕا”.
ئاماژەی بەوەشكرد “سیاسەت و ستراتیژیی بنەڕەتیی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە سەروەریی خۆی لەسەر کورد دروست بکات، ماوەی 100 ساڵە بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە ویستوویەتی کورد بە تەواوی ئاسیمیله بکات، کوردستان بکاتە گۆڕەپانی بڵاوبوونەوەی نەتەوەیی تورک، بێگومان نەگەیشتوون بەم ئامانجەیان، کورد زیاتر لە 50 ساڵە بە تێکۆشانی خۆی، هەبوونی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز نیشان داوە، ئایا دەوڵەتی تورک دەستی لە ئامانجەکانی 100 ساڵ پێش ئێستای هەڵگرتووە؟ ئەمە هێشتا روون نییە”.
باسى لهوهشكرد “رێبەر ئاپۆ بەو پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەی کە لە 27ی شوباتی 2025 دەستی پێکرد، ویستی کۆتایی بەم ئامانجەی دەوڵەتی تورک بهێنێت و لە ناو تورکیایەکی دیموکراتیکدا پرسی کورد چارەسەر بکات، رێبەر ئاپۆ ئەمە وەک ‘ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک، پێناسە دەکات، کە تێیدا هەبوون، ئیرادە و مافە بنەڕەتییەکانی ئازادیی گەلی کورد قبوڵ دەکرێن”.
ع