تەیف سامی داوا دەکات موڵک و بیناکان لە حکومەتی هەرێم وەربگیرێتەوە

مەودا میدیا-

وەزیری دارایی عیراق له‌ هه‌نگاوێكی نوێ و له‌ رێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خاوه‌ندارێتی هه‌موو موڵك و بینا حكومییه‌كانی هەرێمی كوردستان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرێته‌وه‌.

رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌، دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنی دادبینی دەکات له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی ته‌یف سامی، کە له‌سه‌ر سه‌رۆکی حکومەت و وه‌زیری دادی هه‌رێمی كوردستان تۆماریكردووه‌ و داوای له‌ دادگای فیدراڵی کردووە بڕیاری ژماره‌ (3326 له‌ 24/11/1992) كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ بە ناده‌ستوریی بناسێنێت”.

ئه‌و بڕیاره‌ی ساڵی 1992ی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ته‌یف سامی سكاڵای له‌دژی تۆماركردووه‌ هاتووە (هه‌موو موڵك و ماڵی حكومه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێت) لە بەرانبەردا ته‌یف سامی داوا ده‌كات دادگای فیدراڵی ئه‌م بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و هه‌موو موڵك و ماڵ‌ حكومییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان چ خانوو یان شوقه‌ یاخود بینای فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان بكاته‌وه‌ به‌ناوی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر دادگای فیدراڵی سكاڵاكه‌ی تەیف سامی په‌سه‌ند بكات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ندارێتی هه‌موو موڵك و ماڵ و بیناكانی له‌ده‌ست ده‌دات و دوای راده‌ستكردنی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌و فرۆشی نه‌وت، ئه‌مه‌ گورزێكی تر ده‌بێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان