مەودا میدیا-
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق لە پەیامێکدا بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاشکرایکرد نرخی دۆلار لە (هەزار و 500 دینار)دا جێگیرکراوە و بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت.
نزار ناسر حسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند “هۆکاری جێگیریی نرخەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر دەستکارییەک لە نرخی دۆلاردا، دەبێتەهۆی گۆڕینی تەواوی خشتە و بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی، چونکە پرۆژەیاساکە بەتەواوی لەسەر بنەمای (هەزار و 500 دینار) بۆ هەر دۆلارێک داڕێژراوە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار بوو ئەمڕۆ ، پەرلەمانی عیراق میوانداریی هەریەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی بکات بۆ تاوتوێکردنی دەرەنجامەکانی گۆڕینی نرخی دۆلار و رەشنووسی بودجە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونیانەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵوەشاندەوە.
ب ح