کارنامەی کابینەکەی عەلی زەیدی بڵاوکرایەوە

مەودا میدیا-

ئەمشەو سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق کارنامەی کابینەکەی رادەستی سەرۆکی پەرلەمان کرد، کە لە 13 لاپەڕە و 14 بەند پێکهاتووە، نەخشە رێگای حکومەتی بۆ قۆناغی داهاتوو لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسیی و ئابووریی دیاریکردووە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەکەی زەیدی، جەختدەکاتەوە دەبێت (چەک دەبێت تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت) هەروەها پلانی هەیە بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی حەشدی شەعبی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان لە رێگەی سیستمێکی چاودێریی پێشکەوتووەوە.

زەیدی لە کارنامەکەیدا دووپاتیکردووەتەوە دەبێت عیراق لە هەموو ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دوور بخرێتەوە، هەروەها رێگە نادەن خاکی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنەسەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت و رێگریش لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵات و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی بکەن.

عەلی زەیدی جەخت لە واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە، هەروەها کار دەکرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی پاسپۆرتی عیراقی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ.

لە کارنامەی کابینەکەی زەیدیدا گرنگی بە کەرتی ئابووریی دراوە و پڕۆژەیەکی نوێی پێشنیار کردووە کە ئەویش دروستکردنی (سندوقی نەوەکان)ە بۆ پارێزگاریکردن لە مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی نەوت، هەروەها بەڵێنیداوە ئاسایشی تەواو بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، بەتایبەت کۆمپانیا نەوتییە گەورەکان دابین بکات و وەبەرهێنان لە کانزاکان و سامانە سرووشتییەکان فراوان بکات.

زەیدی لە بەشێکی تری کارنامەی کابینەکەی تەرخانکردووە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئازادیی بیروڕا و راگەیاندن، بە جۆرێک کە ژینگەیەکی لەبار بۆ کارکردنی میدیاکاران و چالاکوانان بڕەخسێنرێت.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان