مەودا میدیا-
بڕیارە سبەینێ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وەک سەرەتایەک بۆ خەرجکردنی مووچە، داهاتی نانەوتی مانگی نیسان (چوار) رەوانەی بەغدا بکات، بەڵام ئەمشەو تەیف سامی بە سەردانێک دەگاتە سعودیە و بەرپرسانی کورد داوایان لێکردووە سەردانەکەی دوابخات، تاوەکو داهاتی ناوخۆی رادەست دەکەن و واژۆ لەسەر ناردنی مووچە دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “داهاتی نانەوتیی بۆ مانگی نیسان بڕەکەی 98 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە، لەو بڕە 49 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت، سەرجەم رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان تەواوکراون و سبەینێ ئەو پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عیراق”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ناردنی داهاتی ناوخۆ، یەکێکە لە مەرجەکانی بەغدا بۆ بەردەوامبوونی ناردنی پارەی مووچە، چاوەڕوان دەکرێت دەستبەجێ دوای گەیشتنی داهاتە نانەوتییەکە، وەزارەتی دارایی عیراق دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات”.
ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانییەوە بڕی 21 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ رەوانەی هەولێر کرا، تاوەکو سبەینێ لەگەڵ داهاتی نانەوتیی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک رەوانەی بەغدا بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو مانگە حکومەتی هەرێم بە بیانووی جێبەجێکردنی سیستمی نوێی باج (ئەسیکۆدا) لە دەروازە سنوورییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بە بەغدای راگەیاندووە “ناتوانێت 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی کۆبکاتەوە و داهاتەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووتەوە”.
ب ح