مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆتا وتاری وەک سەرۆکی حکومەت پێشکەش کرد و ئاشکرایکرد عیراقیان لە وەرچەرخانێکی سیاسیی مەترسیدار و ئاگری ململاییەکان پاراست و لە ماوەی کارکردنیشیاندا رێژەی هەژارییان لە 25٪ بۆ 10٪ کەمکردووەتەوە و قەرزە دەرەکییەکانیشیان کەمبوونەتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند “کابینەکەی لە دۆخێکی مەترسیداری سیاسییەوە دەستی بەکارەکانی کرد، بەڵام توانی بە سیاسەتێکی دیپلۆماسیی هاوسەنگ، پێگەی وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەهێز بکات و وڵات لە ململانێ و جەنگە ناوچەییەکان بپارێزێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “قەبارەی وەبەرهێنانەکان 114 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و قەرزی دەرەکی لە 13 ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار کەمکراوەتەوە، و زیاتر لە 19 ترلیۆن دینار لە قەرزی ناوخۆیی دراوەتەوە، هەروەها رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە 7.5٪ بۆ 2.7٪ دابەزیوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “توانای پاڵاوگەکان لە 600 هەزار بەرمیلەوە بۆ 102 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بووەتەوە و ڕێژەی وەبەرهێنانی غازی یاوەریش بۆ 74٪ بەرزبووەتەوە (کە پێشتر 52٪ بوو)، و بەرهەمهێنانی کارەباش گەیشتووەتە 29 هەزار مێگاوات، هەروەها گرێبەستی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وەک برێتێش پترۆلیۆم، تۆتاڵ، شێڤرۆن، ئیکسۆن مۆبیل و هالیبێرتۆن واژۆ کراون”.
باسی لەوەشکرد “زیاتر لە سێ هەزار و 250 پڕۆژەی وەستاو چارەسەر کراون و خراونەتەوە کار، 22 نەخۆشخانەی نوێ کراونەتەوە، و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ستراتیژیی (بەندەری فاو) تەواو بووە، هەروەها پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان (طريق التنمية) چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و زیاتر لە 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، نزیکەی هەزار کیلۆمەتر رێگای دەرەکی، قیرتاوکردنی 130 ملیۆن مەتر چوارگۆشە، دروستکردنی 12 پردی نوێ و نۆژەنکردنەوەی 42 پردی تر، لەگەڵ 16 پڕۆژەی چارەسەرکردنی قەرەباڵغیی هاتووچۆ لە بەغدا”.
وتیشی “963 هەزار خێزانی نوێ لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون، بەمەش رێژەی هەژاری لە 25٪ بۆ 10٪ دابەزیوە، و رێژەی بێکاریش لە 16.5٪ بۆ 13.5٪ کەم بووەتەوە. سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکودا (ASYCUDA)ـش لە دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ کراوە بۆ زیادکردنی شەفافیەت”.
ب ح