هیوا محەمەد
تۆم و جێری کارتۆنێکی بەناوبانگی جیهانییە کە باس لە ململانێکانی ژیان و بەردەوامیی فرتوفێڵە سیاسییەکانە و پەنابردنە بۆ گرتنەبەری رێگەچارەی دەرباز بوون، ئەو کارتۆنە تەنها فیلمێک نییە بۆ منداڵان و کات بەسەربردن، بەڵکوو سەدان مانا و تەشەری سیاسیی تێدایە کە هەموویان ژیانی ئێستای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان لەسەر بنیاتدەنرێت.
تائێستا لە درێژەی هەموو زنجیرەکانی ئەم کارتۆنەدا، هەر تۆم پیلانگێرە و جێریش داکۆکیکارە و تەڵە بۆ تۆم دەنێتەوە، هیچکامیشیان سەرکەتوو نەبوون و ململانێکە کۆتایی نەهاتووە.
پێشتر وەک سیاسەتمەدار دەرنەکەوتووە
تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، رۆڵی هەیە لە دابینکردن و فراوانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لە سەردەمی ریگانەوە چەندینجار ناوبژیوان و نێردەی تایبەت بووە بۆ لای میرەکانی کەنداو و سەرمایەدارە (عیملاقەکان)، هەمووشی بۆ کردنەوەی کار و بەرهەمهێنانی هاوبەش بووە کە لە رێیەوە ملیاران دۆلار سوود بە ئەمەریکا گەیشتووە.
لە لاپەڕەکانی مێژوودا ناوی تۆم باراک، بەهیچ شێوەیەک لە کێشە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕەستدا نییە، نە لە درووستکردنی کێشە و نە لە چارەسەر، ئەو تەنها ئامانجی سەرەکیی بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی بووە کە خۆشی بەشێک بووە لەو بەرژەوەندییانە، چونکە خۆشی کەسێکی سەرمایەدارە و یەکێکە لەو چەند سەد ملیاردێرەی ئەمەریکا.
زۆرێک ئەوەیان بە خەیاڵدا نەدەهات
پەیوەندیی ئیدارەی ترەمپ لەگەل کورد لە رۆژئاوا، لەوپەڕی بەهێزییدا بوو، ئەوەی کە کورد بۆی نەدەچوو، یان بە بیریدا نەدەهات، ئەم چارەسەرە سەرەتاییە بوو کە ئێستا کوردیان پێ بەستووەتەوە لە سووریا کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیی لەنێوان کورد و تورکیا.
کورد لەم دوو وڵاتە، هێزی شۆڕشگێڕی چەکداریان هەبووە، ناسراوبوون بە ئازایەتی و وەشاندنی زەبری کوشندە، هەر ئەوەش وایکرد ئەمەریکا و هاوپەیمانان، روویان لێبنێن بە تایبەتی بۆ نەهێشتنی هەڵکشانی داعش. نەمانی ئەم دوو هێزە چەکدارە، واتا مانەوەی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ کە رەنگە هیچکام لە حکومەتەکان مل نەنێن بۆ ئەوەی قەوارەیەکی دیکە درووست ببێت وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان- عیراقدا هەیە، نەک هەر ئەوەش، بەڵکوو پیلان هەیە بۆ لاوازکردنی ئەم قەوارەیەش!
ئەگەر بمانەوێت، هەموو هۆکارەکە بگەڕێنینەوە بۆ نەبوونی یەکڕیزیی کورد لەناو خۆیدا، ئەمە راست نییە، دەکرێت هەمیشە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کورد، نەهێڵێت کەلێنێک درووست ببێت بۆ ئەوەی دوژمنان لە رێیەوە زیانمان پێبگەیەنن، بەڵام ئەمە تەنها هۆکاری سەرکەوتنمان نییە.
ئەمڕۆ جیهان لەژێر کاریگەریی زلهێزەکاندایە، لەم قۆناغەدا ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، خاوەنی کێشانی پلان و نەخشەکانن، ئەوان چییان بووێت دەبێت وا بێتەدی، هەر لەبەر ئەمەشە جەنگیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، ئەمەش جۆرێکە لە فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵات کە لەڕێیەوە دەستکەوتە ئابوورییەکان بەدەست دێنن.
ناهێڵن کورد پێگەی بەهێز بێت
تۆم باراک، چەند مانگێک پێش ئەوەی پرۆژەی (تێهەڵکێشکردنی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا بخاتە بواری فەرزکردنەوە)، لامسەلایی ئەم لێدوانەی دا و لە دژی فراوانبوون، یان مانەوەی دەسەڵاتی جودایانەی کورد بوو لە سووریا، هەروا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن کورد و تورکیا بچنە پرۆسەی ئاشتییەوە و پەکەکەی بە تیرۆریست زانییەوە.
شەقامی کوردی کەوتە لێداوان و نووسین و شرۆڤەکردنی وتەکانی باراک، زۆرێک پێیان وابوو کە ئەمە هەرگیز نایەتەدی و کانتۆنەکانی رۆژئاوا لەسەر پێی خۆیان وەستاون و هەروا دەمێننەوە، زۆرێک پێیان وابوو کە ئەمەریکا ناهێڵێت هەسەدە دەستبەرداری چەک ببێت، چونکە ساڵانێکە پێکەوە لەسەنگەرێکدان.
بەندە وەک سیاسەتمەدارێک و خاوەن ئەزموونێکی سیاسیی و چاودێرێک، هەر ئەوکات لە کەناڵی کوردساتەوە ئەمەم بەم شێوەیە شرۆڤە کرد: من پێم وایە، کورد لە سوریا ناهێڵن بە چارەکی کورد لەم هەرێمە بەدەستبهێنێت، زۆرترین شتێک کە پێی رازی بن، پێدانی خۆبەڕێوەبردنێکی سنووردارە لە شارە کوردییەکان بە سەرپەرشتی دیمەشق، هێزی چەکداریش دەبێتە بەشێک لە سوپای سووریا، ئەمە دوا خاڵی بەیەک گەیشتنە. زۆرێک لایان وابوو من لە حەماسەت و ورەیان کەم دەکەمەوە، یان تەپڵی هاوپشتی بۆ دوژمن لێ دەدەم، بەڵام ئەگەر هەموو سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە رۆژئاوا، زیرەکانە پێشبینی ئەمەیان بکردایە، ئەوە لانیکەم کێشە و کوشتارەکانی ئەم دواییەی شێخ مەقسودیش رووینەدەدا.
فرمێسکی تیمساحی بۆ پێشمەرگە دەڕێژێت
دەڵێن هەوری توند و هەورە بروسکە نیشانەی هاتنی بارانە، یان بارانی بە لێزمە لافاوی لێهەڵدەستێت، ئەوەی ئێستا تۆم باراک سەبارەت بە عیراق و هەرێم دەیڵێت، هەمان ئەو پێشنیازەیە کە بۆ کورد لە سووریا کردی، ئەو دەڵێت: هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی سەربازیی عیراق تێکەڵ بکرێن و هەمان ماف و ئیمتیازاتەکانی سەربازانی عیراقیان پێ بدرێت.
ئەو لێرەوە دەیەوێت بڵێت من داکۆکیکارم لە هێزی پێشمەرگە و دەبێت ئیمتیازاتیان بدرێتێ، بەڵام لەپاڵیدا هەمان سیاسەتی (ئیندیماج) لەناو سوپای عیراقدا دەگرێتەبەر. رەنگە ئەمە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو بەشەی دڵخۆشکەر بێت کە هەمان ئیمتیازات و مووچە بیانگرێتەوە کە سوپای عیراق هەیەتی، بەڵام لەوەی کە تێکەڵ بکرێن بە سوپای عیراق، ئەوا مەترسیدارە.
دەکرێت دەستوور هەموار بکرێت لە بەرژەوەندیی خۆیان
ئەگەر پێمان وابێت کە ناوی پێشمەرگە لە دەستووری عیراقدا هاتووە و ناکرێت وەک هێزەکانی هەسەدە تەماشابکرێن، ئەمە راستە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، کە دەتوانرێت بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەستوور هەمواربکرێتەوە و ئەو قەڵایە بۆ ئێمە بڕوخێنن کە پشتمان پێ بەستووە.
ئەمڕۆ رەوتی سیاسی، یاسا و دەستوور، لە رێگەی هێزەوە دەگۆڕدرێت، جا هێزی سەربازی بێت یان سیاسی و گەلەکۆمەکێی ناو پەرلەمان.
ئەوەی تۆم-ی سیاسی پێشنیازی دەکات، مەودای جێبەجێکردنیشی بۆ دیاریکردووە و لەخۆوە نییە ئەم لێدوانە (پێشنیازئامێزە) دەدات.
ئێمەش ئەگەر پێمان وابێت، پێبەپێی هەنگاو و رووداوەکانی بەردەممان هەڵسوکەوت دەکەین، ئەوا رێک وەک کارتۆنی تۆم و جێری دەبین، هەر زیانمان لێدەدەن و هەڵدەستینەوە، هەر سەرمان پان دەکەنەوە و درووست دەبینەوە، ئەگەر تۆمیش نەبێت ئەوە جێری لەگەڵ کەس کێشەی نییە و جرتوفرتی نامێنێت.
ئێمە دەبێت ژیرانە هەنگاو بنێین، خەڵکی خۆمان نەخەینە شیرین خەوەوە، هەر پروپاگاندەیە دەبێتە راست، بۆ کەرکوکیش هەروا بوو، ئەوەی کە لەلایەن تۆمەوە نەخشەی بۆ کێشراوە، دەبێت جێبەجێبکرێت، بەلای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشییەوە، بەغدا سەنتەر، پایتەختی وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، درواسێکانیش لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکەن، هەر وەک ئەوەی دنیا لەگەڵ ئەحمەد شەرعی دیمەشق دەیکات.
لە 15ی حوزەیرانی رابردوو، باڵێوزی ئەمەریکا لە بەغدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دانانی عەلی زەیدی وەک سەرۆکی حکومەت، تێیدا باسی سەپاندنی سەروەریی عیراق دەکات بەسەر هەموو عیراقدا، بێ ئەوەی ناوی عیراق بە فیدراڵی ببات، ئەمە لە کاتێکدا ئەمەریکییەکان ناوی شوێنەکان وەک خۆی دەبەن کە بە رەسمی ناسێنراوە و لە دەستووریشدا بە عیراقی فیدراڵ هاتووە. ئێمەش دڵمان بەوە خۆشە کە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکی لەدوای کشانەوەیان لە عیراق دەڵێت: سوپای عیراق و پێشمەرگە دەتوانن کۆنترۆڵی ئەمنی بکەن لە عیراق، پێمان وایە بەمە ئیتر هێزی پێشمەرگە ئازاد و سەربەخۆ دەمێننەوە.
خ.غ