هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حكومه‌تى عیراق ده‌كرێت

مه‌ودا میدیا-

مستەفا ئەلمحەمەداوی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان لە عیراق، تا پێنجشەممەی داهاتوو مۆڵەتی به‌ حکومەتی فیدراڵی دا بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری ئەلشەیب لەگەڵ ئێران.

ئەم هۆشداریه‌ى ئه‌مڕۆ یەکشەممە، هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکە دژی داخستنی دەروازەکە، خۆپیشاندەران داوای دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان کرد و نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە کاریگەریی بەردەوامی داخستنی بازاڕەکان لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکان.

دەیان خۆپیشاندەر رێگای بازرگانیان داخست کە بەرەو شوێنەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان دەڕوات لە میسان و دروشمیان دەوتەوە و داوای پێچەوانەکردنەوەی بڕیارەکەیان دەکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمنی ئامادەبوون.

بڕیاری داخستنی دەروازەی ئەلشەیب لە 20ى ئۆکتۆبەر دەرچووە و بەرەبەیانی رۆژی دواتر جێبەجێ کرا. دەروازەکە دەکەوێتە پارێزگای میسان لە باشووری رۆژهەڵاتی عیراق و بەرانبەر دەروازەی جەزابە لە پارێزگای خوزستانی ئێران و بۆ گواستنەوەی سەرنشین و کەلوپەل لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەکاردەهێنرێت.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق هۆکاری بڕیارەکەی بۆ نەبوونی ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستی لە دەروازەکە گەڕاندەوە و روونیشیکردەوە کە ئامانجی راگرتنی ئەو دەروازەیە بۆ باشترکردنی تواناکانی ئۆپەراسیۆن و لۆجستییە، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران لە رێگەی دەروازەکانی تره‌وه‌ بەردەوامە.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دوو سەرچاوەی سیاسییەوە رایگەیاندووە، واشنتۆن فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بە مەبەستی چڕکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران.

ئەم دوایین داخستنە حکومەتی فیدراڵی دەخاتە ژێر فشاری ناوخۆیی بۆ گەڕاندنەوەی بازرگانی، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئێران و پێویستیی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمه‌ریکا سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان بەڕێوەدەبات.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان