مەودا میدیا-
راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت” حكومەت پلانی داناوە و ئامانجیان بەرزكردنەوەی داهاتی نانەوتییە بۆ 45% لە ماوەی 10 ساڵدا.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە” زۆرینەی قەرزەكانی عیراق ناوخۆیین، لەكاتێكدا قەرزی دەرەكی لەم ساڵانەی دواییدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، داهاتی گشتیش، بە شێوەیەكی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەمەش وادەكات دارایی گشتی تووشی هەڵاوسانی نرخی نەوتی جیهانی ببێتەوە، هەر دابەزینێكی نرخی نەوتیش رێژەی قەرز بەرامبەر بە داهات زیاد دەكات و فشاری زیاتر دەخاتە سەر بودجەی گشتی”.
ئاماژەی بەوەشكردووە” سیاسەتی دارایی ئێستا ئامانجی ئەوەیە كە وردە،وردە بەشداری داهاتە غەیرە نەوتییەكان زیاد بكات بۆ ئەوەی لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بگاتە نزیكەی 45%ی كۆی داهاتی گشتی، بە بەراورد بەو دۆخەی ئێستا كە داهاتی نانەوتی لە 10%ی كۆی داهاتەكان زیاتر نییە”.
باسی لەوەشكردووە” ئەو هەنگاوە لە رێگەی باشتركردنی كۆكردنەوەی باج و گومرگ، ئۆتۆماتیكیكردنی سیستەمی دارایی، فراوانكردنی بنكەی باج، هاندانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان و چاكسازی لە كەرتی بانكیدا بەدەست دێت”.
ئەو راوێژكارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە” رێكارەكانی ئەو پلانە پێویستیان بە كات هەیە بۆ ئەوەی كاریگەری تەواوی لەسەر واقیعی دارایی هەبێت، بەڵام باشترین رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەختینەیی، كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هەروەها بەرزكردنەوەی توانای ئابووری عیراق بۆ بەرگەگرتنی شۆكی دەرەكی و بەدەستهێنانی سەقامگیری دارایی درێژخایەن”.
ئ پ