محەمەد حاجی مەحمود: ترەمپ پێگەی ئەمەریکای لە جیهان لاواز کردووە

مەودا میدیا-

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی حزبەکەیدا ئاشکرایکرد هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا جگە لە کۆنفیدراڵی و جیابوونەوە لە عیراق، بەغدا وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و چەندین خاڵی سنووری داناوە و لەئێستادا چەندین خاڵی سنووری لەنێوان عیراق، سوریا و تورکیا بۆ گەمارۆدان و پەراوێزخستنی کورد کراوەتەوە.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “کێشەکانی هەرێم و بەغدا بە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان چارەسەر ناکرێت و کارمەند و نوێنەری حزبەکانیان و پرۆسەکەش پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە، ناکۆکی قوڵ لەنێوان لایەنە شیعییەکان هەیە و نایانەوێ سودانی بکرێتەوە بە سەرۆک وەزیران، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکدان کە لاوازبێت و گوێڕایەڵی خۆیان بێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بانگەشەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی فشارە و یەکێتی و پارتی لەگەڵ دووبارەکردنەوەی پرۆسەکە نین، چونکە هیچ لایەک لە کورسی لایەنەکەی تر سوودمەند نابێت، ئەگەر لایەنێکیش 100 کورسی پەرلەمان بهێنێت ناتوانیط حکومی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام رەنگە گۆڕانکاریی لە کورسی لایەنەکانی تر دروست بێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “پێشتر ئەمەریکا چەکی بە هەسەدە دابوو ئێستا لێی تێکچوو ، چەکی بە چ لایەنێکی کوردی داوە و لەئێستادا یەکێتی و پارتی یەکتری پێ تۆمەتبار دەکەن هەرچەندە دڵنیایە چەکیان وەرنەگرتووە و لایەنەکانی رۆژهەڵاتیش وەرگرتنی چەک لە ئەمەریکا رەتدەکەنەوە و کوردیش بێ لایەنە لەشەڕی ئێران، هەروەها بە رەتکردنەوەی وەرگرتنی پۆست لە حکومەتەکەی جۆلانی لەلایەن مەزڵوم عەبدی بۆ کورد گرنگ بوو، بەڵام ئەنەکەسە دەیەوێت شەرعێت بدات بە دەسەلاتی جۆلانی و بەشداریی لە حکومەتدا بکات”.

باسی لەوەشکرد “هەردوو جەنگی 12 رۆژە و 40 رۆژە ئەمەریکا دژی ئێران هەڵگیرساندووە و پێشبینی بەرگریی ئێرایان نەکرد و پێیانوابوو بە هێرشێکی کتوپڕ ئێران هەرەسبهێنێت، بەڵام شەڕەکە کاریگەریی زیاتر هەبوو لەسەر ئەمەریکا و ئەوروپا و نرخی خۆراک و سووتەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان لەناوخۆی ئەمەریکا و جیهان ترەمپ یەکلایەنە ئاگربەستی درێژکردەوە و رەنگە تا ساڵێک بەردەوام بێت”.

وتیشی “ترەمپ دەیەوێت بە جیهان بڵێ لە جەنگی ئێران سەرکەوتووبووە، بەڵام زۆر دەستکەوتی لەدەستداوە بە تایبەت داخستی گەرووی هورمز، سەپاندنی باج لەلایەن ئێران و شکاندنی وەهمی زلهێزبوونی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بۆیە ترەمپ دەستی داوەتە شەڕی دەروونی و راگەیاندن دژی ئێران، هەروەها ئەمەریکا هیچ پێگەیەکی بۆ ئیسرائیل لە دانووستانەکان دانەناوە و وەک بووکەڵەیەک دەیبینێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان