مەودا میدیا-
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان شکرایکرد پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەكەن كە بۆ باشترکردنی سیستەمی بانکیی هەرێم بێت، نابێت متمانەی هاوڵاتییان بە سیستمی بانکیی کوردستان لاواز بکرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “لیستی مووچە ئامادەیە و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج چاوەڕوانی رەزامەندیی حکومەتی عیراقن، بەڵام مەگەر خودا بزانێت چی لە بەغدا دەگوزەرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بۆ کۆکردنەوەی 120 ملیارەکە چاوەڕێی کۆتایی مانگ دەکەن تاوەکو بزانن چەند داهاتیان لەبەردەستدایە، ئەوکات بڕی داهاتەکە ئاشکرا دەبێت”.
لای خۆیەوە غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “وەزارەتی دارایی عیراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنج (ئایار) داوای داهاتی ناوخۆی لە حکومەتی هەرێم کردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت مانگ تەواو نەبووە تاوەکو داهات بنێرن ئەمەش دەریدەخات کە حکومەتی هەرێم فێر نەبووە مووچە لە کاتی خۆیدا مووچە دابەشبکات و دەیەوێت وەک هەمیشە 10 بۆ 15 رۆژ موووچەی فەرمانبەران هەرێم دوابخات”.
ب ح