مەودا میدیا-
فەرمانگەی میدیا و راگەیاندنی پەرلەمانی عیراق لە کورتە راگەیەندراوێکدا، هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان و دانانی سەرۆک و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند “بڕیاربوو ئەمڕۆ 10 لیژنە دیاری بکرێن و 10 لیژنەی تر بمێنێتەوە، بڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە یەکلاییکردنەوەی لیژنە هەمیشییەکان بۆ کاتێکی تر دواخراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “(لیژنەکانی تەندروستی، پەیوەندییەکانی دەرەوە و یاسایی) پشکی فراکسیۆنە کوردییەکانن لە پەرلەمانی عیراق، بەڵام هەوڵدەدەن جێگری لیژنەکان زیاتر بکەن، هەروەها رێککەوتن لەسەر لیژنەکانی (بەرگریی و دەروازە سنوورییەکان) نەکراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “جگە لەم سێ لیژنەیە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی چوار لیژنەی پەرلەمانی دەکەنەوە و داوای لیژنەی نەوت و گازیش دەکەن”.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ و یەکلایی نەکردنەوەی لیژنەکانە، پەرلەمانی عیراق 22 لیژنەی هەمیشەیی هەیە، هەرچەندە بڕیاربوو بۆ 26 لیژنە زیاد بکرێن، بەڵام پاشگەزبوونەتەوە و بڕیارە بۆ 20 لیژنەی هەمیشەیی کەم بکرێتەوە.
ب ح