مەودا میدیا-
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئاشکرایکرد گۆڕانکاریی لە رێنمایی مۆڵەتی بەخێوکەردا کراوە، بە جۆرێک ئەگەر خێزانێک زیاتر لە منداڵێکی ئۆتیزمی هەبێت، دایک و باوکەکە دەتوانن مۆڵەت وەربگرن.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند “ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە 11 سەنتەرەوە بۆ 69 سەنتەر زیادیکردووە بە جۆرێک لە (13 سەنتەری حکومی و 56 سەنتەری ئەهلی) پێکهاتوون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دۆسییەی 16 هەزار کەمئەندام و منداڵی ئۆتیزمیان رەوانەی بەغدا کردووە تاوەکو لە بودجەی 2026دا تەرخانی داراییان بۆ بکرێت، بۆ ئەوە مەبەستەش تیمێکی وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا دەکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “پشکنین و چارەسەری بێبەرانبەر لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لەگەڵ جێبەجێکردنی خێرای مامەڵەکانیان بەبێ چاوەڕوانی لە فڕۆکەخانەکاندا”.
ب ح