سەرنجێکى جیاواز لەسەر خنکانى روقەیەی نازدار

دڵشاد مەلا

کاردانەوەى جوامێرانەى خەڵکى هەڵەبجە (کورد) بەرانبەر بە خنکانى روقەیەى نازدار (کچۆڵە کەربەلاییەکە) دەنگدانەوەیەکى یەکجار گەورەى بەدواى خۆیدا هێناوە، دەتوانم بڵێم رووداوێکى مێژوویی بوو لە بابەتی پەیوەندیی جەماوەری کورد وعەرەب، رووداوێک بوو کورد و عەرەبی عیراقی یەکخست لە زۆر رووەوە، لەم رووداوە ناخۆشەدا؛ خۆشبەخانە کۆمەککردنى خەڵکى هەڵەبجە و دەسەڵاتدارانى ناوچەکە سنوورە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانى تێپەڕکرد، بەڵام پرسیارێکی سەرەکی خۆی دەهێنێتە پێشەوە؛ ئەوەش تێگەیشتنى نەتەوەى عەرەبی عیراقییە بۆ پرسی کورد و مافە رەواکانى.

ئەو بەهانەوەچوونەى هەڵەبەجە لەسەر ئاستى جەماوەری و ئاستى حکومیش، پەیامێکی قووڵ و گەورەی کوردییە بۆ عەرەب و جیهان، پەیامەکەش ئەوەیە کە؛ کورد قوربانییەکی کینە لە دڵ نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکە ژیان و مرۆڤایەتی لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت. لە بەرانبەریشدا شەقامی عەرەبی و سۆشیاڵ میدیا پڕبوون لە سوپاسگوزاری بۆ مەردایەتی کورد، بەڵام ئەوەى جێگە سەرنجی منە ئەوەیە کە زۆرجار ئەم سوپاسگوزارییە کۆتاییەکەی دەبەسترێتەوە بە گوتارێکی سیاسیی باو “ئێمە هەموومان یەکین و عیراق یەک پارچەیە”، ئەم دەستەواژەیە هەرچەندە لە رواڵەتدا بانگەشەیە بۆ برایەتی، بەڵام لە کرۆکدا هەوڵێکە بۆ توانەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ناو بۆتەی عیراقچێتیدا.

کێشەى ئەم گوتارە ئەوەیە کە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەى جیاوازییەکان، لە رووى بەکارهێنانى سۆزی مرۆڤانەی کورد بۆ سەلماندنی “یەکپارچەیی خاکی عیراق”، جۆرێکە لە پەراوێزخستنی شوناسە تایبەتەکەی کورد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە برایەتیی راستەقینە بە سڕینەوەی مێژوو دروست نابێت، ناتوانرێت جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال تەنها لە ژێر دروشمی “یەک وڵات”دا پەردەپۆش بکرێت.

بۆیە باوەڕى من و بە ئەگەری زۆرەوە باوەڕی زۆرینەى کوردیش ئەوەیە کە داننان بە شوناس و مافی سەربەخۆیی، پێشمەرجی برایەتیی راستەقینەیە، راستە کورد پێکهاتەیەکە بە زۆر لکێنراوە بە عیراقەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا نەتەوەیەکە خاوەنی خاک، زمان، کولتوور و مێژووی تایبەت بە خۆیەتی.

ر.س

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان