مەودا میدیا-
بەپێی پێشبنییەكانی شارەزایانی كەشناسی، لە ماوەی 10 رۆژی سەرەتای مانگی حەوتدا دووەم شەپۆلی گەرمای بەهێزی ئەمساڵ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند” بەپێی خوێندنەوەكانیان بۆ نەخشەی كەشوهەوای مانگی حەوت، دوو پێشبینی بۆ 10 رۆژی یەكەمی سەرەتای مانگی حەوت هەیە”.
وتیشی” بەپێی هەندێك نەخشە پلەكانی گەرما لە ئاستی ئاساییدا دەبن و بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو مانگی حەوت گەرمای ئاسایی دەبێت، بەڵام بەپێی چەند نەخشەیەكی دیكەش هەندێك رۆژ شەپۆلی گەرمای بەهێز روودەكاتە ناوچەكە و پلەكانی گەرما دەچنە سەرووی ئاستی ئاسایی و بەراورد بە ساڵانی رابردوو شەپۆلی گەرما بەهێزتر دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” پێدەچێت لە مانگی حەوت یان هەشت لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان ریكۆردی نوێ لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما تۆمار بكرێت، بەڵام ئەگەری بارانبارینیش لەم وەرزی هاوینەدا هەیە”.
ئ پ