بەشە دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا زیاد کرا

مەودا میدیا-

ئەندامی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد لە ماوەی رابردوودا بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە سەردانیان کردوون چونکە ناچار بوون بۆ وەرگرتنی دەرمانی پێویست رەزامەندی وەزیری تەندروستی عیراق بەدەستبهێنین دواتر دەرمانەکەیان بۆ دابین کراوە.

د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند “هەرچەندە ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عیراق، هەمیشە هاوکار بووە و هەموو داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ کردون، بەڵام پێیان وتووە کە بەشێکی هاوڵاتییان تاوەکو ئێستا ئاگادارنین کە دەتوانن لە رێگەی ئەوانەوە رەزامەندی وەرگرتنی دەرمانەکانیان بۆ بەدەستبهێنین و ناکرێت هاوڵاتییان کە پێویستیان بە دەرمانێکی شێرپەنجە بێت تەنها لە رێگەی نوێنەرەکانیانەوە بتوانن وەری بگرن، بۆیە پێشنیاریان کرد کە چارەسەرێکی بنەرەتی بۆ ئەو گرفتە بکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “داوایان کرد بەشەدەرمانی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانەی هیوا زیاد بکرێت بە پێی پێویستی نەخۆشخانەکە بێ ئەوەی پێویست بکات بۆ داواکاریی هەر هاوڵاتییەک رەزامەندیی وەزیری تەندروستیی لەسەر بدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو “وەزیری تەندروستی هاوڕا بوو لەگەڵیان و بەڵێنی پێدان بە زیادکردنی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا ئەویش دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی تەندروستی عیراق و ئیدارە و ستافی نەخۆشخانەی هیوا، بە ئامادەبوونی ئەوان وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی بۆ دیاری کردنی پێوستی و کەموکوڕییەکان”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان