مهودا میدیا-
سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، بڕیارە ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا یەکەم باری کە 400 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دروستکراوی چینی بەدەست بگات، لە کاتێکدا هەوڵدەدات بەرگرییەکانی لە نێوان ململانێیە بەردەوامەکانی لەگەڵ ئەمهریکادا بنیات بنێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو رێککەوتنە کە بەهای نێوان 60 بۆ 70 ملیۆن دۆلارە، یەکێکە لە گەورەترین هەوڵە ناسراوەکانی تاران بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییە کورت مەوداکانی لە دوای شەڕەکەی لەگەڵ ئەمهریکا و ئیسرائیل، کە لاوازییەکانی لە توانای ئێران بۆ پاراستنی شوێنە سەربازییەکان و ژێرخانی ستراتیژیی ئاشکرا کرد.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، گرێبەستەکە بریتییە لە کڕینی نێوان 300 بۆ 400 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، لەنێویاندا مووشەکی QW-12 و FN-16 کە لە چین دروستکراون.
ئەم گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیای چۆنگچینگ باوشانگ ئینتەرناشناڵ ئینڤێستمەنت واژۆ کراوە کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە و سەرچاوەکان دەڵێن وەک نێوەندگیرێک لە نێوان لایەنی ئێرانی و دابینکەری چینیدا کاری کردووە.
سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرا بکرێت قسەیان کردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
لاى خۆیهوه وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند “راپۆرتە پەیوەندیدارەکان بە تەواوی بێ بنەمان، چین رۆڵێکی بەردەوامی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتیی و کۆتاییهێنان بە ململانێکان”.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەپێی پلانێک کە هەردوولا لەسەری رێککەوتوون، سەرەتا گەیاندنەکان لە رێگەی ئاسمانییەوە لە ئورومقی لە ڕۆژئاوای چینەوە ئەنجام دەدرێن، دواتر لە رێگەی پاکستانەوە بۆ ئێران دەگوازرێنەوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە گواستنەوەکان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەبێت یان وشکانی”.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردبووەوە، ئێران نزیکە لە کۆتایی هێنان بە رێککەوتنێکی جیا لەگەڵ چین بۆ بەدەستهێنانی مووشەکی کروزی دژە کەشتی، بە گوتەی کەسانی ئاگادار لە دانوستانەکان، ئاژانسی رۆیتەرز نەیتوانی پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا ڕێککەوتنەکە کراوە یان نا.
ع