ئێل نینۆ ژیانی 347 ملیۆن منداڵ دەخاتە مەترسییەوە

مەودا میدیا-
رێكخراوی جیهانی یونسێف هۆشداری دەدات لەوەی كە زیاتر لە 347 ملیۆن منداڵ بە هۆی دیاردەی سروشتی ئێل نینۆ رووبەڕووی بارودۆخی كەشوهەوای توند دەبنەوە.

رێكخراوەكە رایگەیاندووە “پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 347 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری نزیكەی 100 وڵات و ناوچەدا رووبەڕووی بارودۆخێكی نائاسایی وشك یان تەڕ ببنەوە لە نێوان مانگەكانی ئۆكتۆبەر و كانوونی دووەمی 2026 بەهۆی دیاردەی ئێل نینۆوە.”

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “زۆرترین ژمارەی منداڵانی تووشبوو، 190 ملیۆن لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن دەبێت، 41 ملیۆن منداڵی دیكەش رووبەڕووی بارودۆخی كەشوهەوای توند دەبنەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقا، هەروەها پێشبینی دەكرێت 22 ملیۆن منداڵ لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست هەست بە كاریگەرییەكانی ئێل نینۆ بكەن”.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە “نزیكەی یەك ملیار و 100 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا پێشتر تووشی وشكەساڵی، شەپۆلی گەرما، یان لافاو بوون”.

ئەوەش لە كاتێدایە كە بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز، پێشبینی دەكرێت دیاردەی ئێل نینۆی ئەمساڵ بەهێزترین رووداوی سروشتی بێت لە دوای ساڵی 1950 وە.

ئێل نینۆ، دیاردەیەكی سروشتییە كە بە بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمی ئاو لە زەریای هێمن دەناسرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە پلەی گەرمی و شێوازی بارانبارین بە شێوەیەكی ترسناك.

وڵاتی بەرازیل لەنێو ئەو ناوچانەدایە كە زۆرترین كاریگەری ئێل نینۆیان لەسەرە، ناوچەكانی باكوور و ئەمازۆنەكانی، وشكەساڵی و شەپۆلی گەرمای توندیان بەخۆوە بینیوە، لە كاتێكدا باشووری وڵاتەكە باران و لافاوێكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان