بێری غەریب
لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا، چاکسازی یەکێکە لە گرنگترین داواکارییەکانی خەڵک بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەکی تەندروست، هاوڵاتییان هەمیشە چاوەڕێی ئەوەن کە دەسەڵات و دامەزراوەکان بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیان بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان هەنگاوی کرداری بنێن. هەروەها واز لە قسەی بریقەدار بهێنن، بۆیە چاکسازی تەنها وشەیەکی جوان یان دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەردەوامە کە دەبێت لە کردار و ئەنجامدا ببینرێت بۆ باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵگە و هاوڵاتییان.
هەرچەندە خەڵک لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەڵێنی زۆری لەسەر چاکسازی بیستوە، بەڵام ئەوەی متمانە دروستدەکات نە قسەی زۆرە، نە وتاری جوان؛ بەڵکوو ئەو گۆڕانکارییانەن کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، کاتێک هاوڵاتی هەستی بە باشتربوونی خزمەتگوزارییەکان کرد و دادپەروەری، شەفافیەت، یەکسانی هەبوون، ئەوکات دەڵێت چاکسازی هەیە و لە هەمان کاتدا ئەمە خزمەتکردنە بە خەڵک .
چاکسازی لەو کاتەدا مانای پڕاوپڕ دەبەخشێت کە یاسا بە یەکسانی بۆ هەمووان جێبەجێ بکرێت، گەندەڵی بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە، سامانی گشتی بە دڵسۆزی بپارێزرێت و پلە و بەرپرسیارێتی بە شایستەیی بدرێت، نە بە پەیوەندی و بەرژەوەندی تایبەت. ئەمانە هەمووی پێوەرەکانی چاکسازیی راستەقینەن.
هەروەها، چاکسازی تەنها ئەرکی حکومەت نییە؛ بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. دەسەڵات، پەرلەمان، دادگا، میدیا، رێکخراوە مەدەنییەکان و هاوڵاتییان هەموویان رۆڵیان تیایدا هەیە. کاتێک هەموو لایەنەکان پابەندبن بە یاسا و بەرپرسیارێتی، ئەوکات چاکسازی خێراتر بە ئامانج دەگات.
چاکسازی بە کردار واتە بڕیاری ئازایانە و هەنگاوە راستەقینەکان. واتە گوێگرتن لە داواکارییە رەواکانی خەڵک، چارەسەرکردنی کێشەکان، وەستاندنی بەرانبەر بە هەر دیاردەیەک کە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنێت. کردار، زمانی متمانەیە؛ چونکە خەڵک زیاتر لە هەر شتێک بە ئەنجام باوەڕدەکەن.
ئەگەر قسەکان بە کردار نەگۆڕدرێن، متمانەی گشتی لاواز دەبێت و هیوا بۆ داهاتوو کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بەڵێنەکان بە کردار جێبەجێ بکرێن، هاوڵاتی هەست بە ئارامی و دڵنیایی دەکات و بەشداریی زیاتر لە بنیاتنانی وڵاتدا دەکات.
هەر وڵاتێک کە توانیبێتی سەرکەوتووانە گەشەبکات، ئەوە بەهۆی ئەوەوە بووە کە کردار و کارکردن لە پێش قسە و دروشم هاتووە، مێژوو ئەوانە لە یاد دەهێڵێتەوە کە بە کردەوە خزمەتی گەلەکەیان کردووە نەوەک ئەوانەی تەنها بەڵێنیان داوە.
دەکرێت بڵێین کە چاکسازی رێگەیەکی درێژە و پێویستی بە ئارەزووی سیاسی، بەرپرسیارێتی، شەفافیەت و بەردەوامی هەیە. ئەگەر کردار ببێتە بنەمای کار، ئەنجامەکەی متمانە، دادپەروەری، گەشە و داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان دەبێت. بۆیە دەبێت هەمیشە ئەم راستییە لەبیرمان بێت: چاکسازی بە کردارە، نەوەک بە قسەی بریقەدار.
خ.غ