خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ کتێبی “پەروەردەی سەردەم”

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

کتێبی “پەروەردەی سەردەم- گرفتەکانی و رێگەی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو” لە نووسینی پسپۆڕ و شارەزا خاتوو نەرمین عوسمانە، یەکێکە لەو سەرچاوە گرنگانەی کە بە زمانێکی زانستی و هاوچەرخ، پانتاییە جیاوازەکانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەخاتەڕوو، ئەم کتێبە کە لە نزیکەی ١١٥ لاپەڕە پێکهاتووە، هەوڵێکی جدییە بۆ گۆڕینی دیدگای کلاسیکی بەرەو دیدگایەکی سەردەمیانە کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا بگونجێت. نەخشەڕێگەیەکە بۆ چاکسازی لە سیستمی پەروەردەدا.
خاتوو نەرمین عوسمان لەڕێگەی ئەم کتێبەوە، پەیامێکی روون دەدات و پێمان دەڵێت: “پەروەردە کلیلێکە بۆ ئازادی و پێشکەوتن، بە مەرجێک بەشێوازێکی سەردەمیانە و مرۆییانە پەیڕەو بکرێت.” ئەم کتێبە بۆ هەر خوێندکارێکی بەشی پەروەردە، هەر مامۆستایەک و هەر خێزانێکی دڵسۆز، سەرچاوەیەکی دانەبڕاو و پێویستە.
گەرچی ئەم کتێبە قەبارە مامناوەند و کەمە، بەڵام کۆکراوەیەکی روون و نەخشەڕێگاییە، بۆ بەرچاوی خوێنەرانی بەڕێز، پێمان باش بوو کە بەکورتی خوێندنەوەیەکی شیکاریی بۆ ئەنجامبدەین.

پێکهاتەی کتێبەکە و گەشتی مێژوویی
نووسەر لە دەروازەی یەکەمدا، بە گەڕانەوە بۆ رەگ و ریشە مێژووییەکان دەستپێدەکات، باس لە مێژووی نووسین و یەکەمین خوێندنگەکانی مێژوو دەکات، ئەمە نیشانمان دەدات کە پەروەردە پرۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی مرۆڤایەتی. نەرمین خان بەمە دەمانباتە سەر ئەو راستییەی کە پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەک بەندە بەو مێژووەی کە لە بواری پەروەردە و فێربوونی نەوەکانیدا تۆماری کردووە.

چەمکە فەلسەفییەکان و بنەماکانی پەروەردە
لە دەروازەی دووەمدا، کتێبەکە قووڵ دەبێتەوە بۆ ناو جیهانی فەلسەفە، لێرەدا خستنەڕوویەکی روون لەنێوان چەمکەکانی وەک “پایدیا” (پەروەردەی گشتگیری مرۆڤ) و “ئەندراگۆژیا” (فێرکردنی گەورەساڵان) و “پێداگۆژیا” (فێرکردنی منداڵان) کراوە.

نووسەر بەوردی تیشک دەخاتە سەر قوتابخانە فەلسەفییە جیاوازەکان، لەوانە:

  • فەلسەفەی نموونەیی و واقیعی: کە چۆن روانینیان بۆ مرۆڤ و زانست هەیە.
  • فەلسەفەی ئیسلامی و مارکسی: وەک دوو جەمسەری جیاواز لە تێڕوانین بۆ کۆمەڵگە و پەروەردە.
  • پراگماتیزم و ئەزموونگەری: کە جەخت لەسەر سوود و تاقیکردنەوە دەکەنەوە.

ئەم بەشە دەوڵەمەندە بە تیۆرییەکانی کارلێکگەرایی و گەشەکردن، کە دەبێتە بناغەیەک بۆ هەر پەروەردەکارێک تا بزانێت لەسەر چ بنەمایەکی فیکری کار دەکات.

گواستنەوە لە کلاسیکەوە بۆ سەردەمیانە
لە دەروازەی سێیەمدا، کتێبەکە دەچێتە سەر جەوهەری بابەتەکە کە ئەویش بەراوردکارییە لەنێوان پەروەردەی کۆن و سەردەم. نەرمین خان لێرەدا رەخنە لە شێوازە کۆنەکان دەگرێت و جەخت لەسەر “سزا بەبێ توندوتیژی” دەکاتەوە، رۆڵی مامۆستا لێرەدا دەگۆڕێت؛ مامۆستا تەنها سەرچاوەی زانیاری نییە، بەڵکو رێپیشاندەر و هاوکارە.
خاڵێکی تری گرنگی ئەم دەروازەیە، باسکرانی رۆڵی خێزان و باخچەی منداڵانە. نووسەر پێمان دەڵێت کە پەروەردە تەنها ئەرکی قوتابخانە نییە، بەڵکو سێگۆشەیەکی پێکەوەبەستراوە لەنێوان (قوتابخانە، خێزان، کۆمەڵگە).

پرسە هەستیارەکان: نەهێشتنی نەخوێندەواری و پێداویستییە تایبەتەکان
دەروازەی چوارەم تەرخانکراوە بۆ دوو بابەتی مرۆیی و ستراتیژی:

  1. نەهێشتنی نەخوێندەواری: وەک ئامرازێک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و فێربوونی بەردەوام.
  2. پەروەردەی تایبەت: (Special Education) ئەمە یەکێکە لە درەوشاوەترین بەشەکانی کتێبەکە، نووسەر بە دیدێکی مرۆیی و زانستی باس لە ماف و پێداویستییەکانی ئەو منداڵانە دەکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، لێرەدا باس لە ئامادەییە پیشەییەکان و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەکرێت، کە نیشانەی ئاگاداری نووسەرە لە کێشە مەیدانییەکانی ئەم بوارە.

رەهەندی نێودەوڵەتی و سیستەمە جیهانییەکان
لە کۆتا بەشدا (دەروازەی پێنجەم)، کتێبەکە رەهەندێکی جیهانی وەردەگرێت، بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی یونسکۆ (UNESCO)، بانکی نێودەوڵەتی و UNDP، نووسەر هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پەروەردە لە عیراق و جیهان دەکات. ئاماژەکردن بە کۆڕبەندی “داڤۆس” و بەراوردکردنی سیستمە پەروەردەییە سەرکەوتووەکان، دەبێتە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان تا سوود لە ئەزموونە جیهانییەکان وەربگرن، لە دۆخی خراپی پەروەردە لە عیراق دەدوێت بەپێی راپۆرتە جیهانییە بڕواپێکراوەکان بە بەراورد بەوەی عیراق لەسەرەمی پێشتردا باشترین سیستمی پەروەردەی هەبووە.

گرنگی و بایەخی ئەم کتێبە
١- هەمەچەشنی لە بابەت: کتێبەکە لە مێژووەوە دەستپێدەکات و بە ئامارە جیهانییەکان کۆتایی دێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە سەرچاوەیەکی گشتگیر.
٢- زمانێکی پاراو و زانستی: نەرمین خان توانیویەتی چەمکە ئاڵۆزە فەلسەفییەکان بە زمانێکی سادە بۆ خوێنەر روون بکاتەوە.

٣- کردەیی بوون: کتێبەکە تەنها تیۆری نییە، بەڵکو رێنمایی بۆ مامۆستایان، دایکان و باوکان و پەروەردەکارانی تێدایە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی فێربوون.
٤- مرۆییبوون: تیشکخستنە سەر پەروەردەی تایبەت و فێربوونی گەورەساڵان نیشانەی دیدە فراوانەکەی نووسەرە بۆ مافی فێربوون بۆ هەمووان.
ئەوەی ماوە بیڵێین ئەم کتێبە گەر سەرەتایەک بێت بۆ بونیادی پەروەردەیەکی سەردەم، ئەوا دەکرێت زۆر زیاتر فراوان بکرێت و هەر دەروازەیەک لەم دەروازانە گرنگی و بایەخی زیاتری پێبدرێت و بەشێوەی توێژینەوەی ئەکادیمی و گرنگ کاری لەسەر بکرێت بۆ تێپەڕاندنی پەروەردەی ئێستامان لە هەموو روویەکەوە بۆ پەروەردەیەکی هاوچەرخی جەوهەری نەک رووکەشگەرایی.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان