مەودا میدیا-
دەسەڵاتی نیشتمانیی رێكخستنی ئەتۆمی، تیشك، كیمیایی و بایۆلۆجی دەڵێت” عیراق خاوەنی بڕوانامەی دروستكردنی وێستگەی ئەتۆمییە و بەم زووانە دەتوانین سوود لە دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆم بۆ چەندین بوار بە تایبەت كارەبا وەربگرین”.
فازڵ حاوی مەزبان، سەرۆكی دەستەی نیشتمانیی رێكخستنی ئەتۆمی و تیشك و كیمیایی و بایۆلۆجی بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە” هەر شوێنێك دەتوانێت ببێتە پێگە بۆ دروستكردنی وێستگەیەكی ئەتۆمی، بەڵام دەبێت تاقیكردنەوە و پێوانەكان لەلایەن پێشكەوتووترین تاقیگەكانەوە ئەنجامبدرێت و رەزامەندی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش وەربگیرێت”.
وتیشی” بۆ دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی لە عیراق، هەر كۆمپانیایەك دیزاینی تایبەتی خۆی پێشكەش دەكات، ئەم دیزاینەش پێویستە رەزامەندی لەسەر بدرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی مەرجی بەرفراوان و درێژخایەنی هەیە لەسەر بنەمای یاسا و رێسای كارپێكراو، پێكهاتەی رێكخراوەیی بەڕێوەبردن بۆ ئۆپەراسیۆنەكان، ژێرخانی فریاگوزاری، پاراستن لە تیشك، ئاسایشی ئەتۆمی، بەڕێوەبردنی پاشماوە و دارایی، ئەمە جگە لە كۆمەڵێك رێككەوتنی نێودەوڵەتی كە عیراق پابەندە پێوەی”.
باسی لەوەشكرد” یەكێك لە هەنگاوە هەرە دیارەكانی بنیاتنانی ئەم كەرتە، سەردانەكەی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوو ساڵ لەمەوبەر بوو بۆ عیراق كە لەو ماوەیەدا پاڵپشتی ئاژانسەكەی بۆ هاوكاریكردنی عیراق دەربڕی، جگە لەوەش بەم دواییە ئەمەریكا پاڵپشتیی ئەم بابەتەی كردووە”.
ئ پ