رەنگە تا ئێستا هەندێكمان بیرمان لەوە نەكردبێتەوە كە ئایا خۆر چەند دوورە لە زەوییەوە، رەنگە بیریشمان كردبێتەوە بە تایبەت لە وەرزی هاویندا كاتێك خۆر بە تینە گەرمەكەی خەریكە دەمانسوتێنێت، لەو كاتەشدا رەنگە بووبێتە جێگەی پرسیار كە بۆچی ئەم خۆرە ئەوەندە گەرمە وەك ئەوەی لە زەوی نزیكبووبێتەوە؟
بەڵام دووری خۆر لە زەوییەوە بە رێژەیەكە كە مرۆڤ ناتوانێت بە دەیان هەزار ساڵ پێی بگات، هەر بۆیەش تیرەی خۆر بەو قەبارەیە لە زەویەوە دەردەكەوێت.
روانگەی فەلەكی مۆسكۆ بڵاویكردەوە” تیرەی رواڵەتی خۆر لە رۆژی دووشەممە ٦ی تەمموزدا لە بچووكترین ئاستیدا دەبێت، چونكە زەوی بە دوورترین خاڵی خولگەكەی خۆی لە زەوییەوە تێدەپەڕێت.
نووسینگەی راگەیاندنی روانگەی فەلەكی مۆسكۆ دەڵێت” مەودای نێوان زەوی و خۆر بە درێژایی ساڵ نزیكەی لەسەدا سێ دەگۆڕێت، بۆیە زەوی لە دوورترین خاڵدا دەبێت لە خۆرەوە بە دووری ١٥٢،٠٩٣،٢٥١ كیلۆمەتر و تیرەی رواڵەتی خۆر لەم رۆژەدا بچووكترین تیرە دەبێت كە ٣١ خولەكی كەوانەیی و ٣١ چركەی كەوانەییە.
بەگوێرەی زانایانی فەلەكناسی، خۆر بە رێژەی لەسەدا 3 بچووكتر دەردەكەوێت لەچاو سەرەتای مانگی یەكدا كاتێك زەوی لە نزیكترین خاڵدایە لە خولگەی خۆیدا. بەڵام ئەم جیاوازییە تەنیا بە بەراوردكردنی وێنە پیشەییەكانی خۆر كە لەو ماوەیەدا گیراوە، بەدی دەكرێت.
وشەی یۆنانی “ئافیلیۆن” بە واتای “ئەفیلیۆنی خۆر” دێت، كە خاڵی دوورترین خاڵە لە خولگەی هەر تەنێكی ئاسمانی بە دەوری خۆردا.
زانایان روونیان كردەوە كە لە ٦ی تەمموزدا كاتێك زەوی بە ئەفیلیۆندا تێدەپەڕێت، خێرایی خولانەوەی خاو دەبێتەوە بۆ نزمترین خاڵ.
ئەوان رایانگەیاندووە” زەوی خولگەیەكی تەواو بە دەوری خۆردا لە ماوەی 365 رۆژ و 6 كاتژمێر و 9 خولەك و 10 چركەدا تەواو دەكات. زەوی بە خولگەیەك بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە بە خێرایی 29,765 كم/س. نزیكترین خاڵ لە خولگەی زەوی لە خۆر پێی دەوترێت پەریهێلیۆن. زەوی لە سەرەتای مانگی یەكدا بەم خاڵەدا تێدەپەڕێت، كاتێك مەودای نێوانیان زیاترە لە 147 ملیۆن كم”.
شارەزایان لە روانگەی فەلەكی مۆسكۆ ئاماژەیان بەوە كردووە “كە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ساڵانە لە وەرزەكانی هاوین و زستاندا دیاری دەكرێت، چونكە زەوی لە زستاندا لە خۆرەوە نزیكترینە و لە هاویندا دوورترینە لێیەوە.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش