نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستى دیمه‌شق

مه‌ودا میدیا-

کەناڵەکانی ئەلعەرەبی و ئەلحەدەس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەتی سوریا بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نوێ بە توانای گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە ناوچە کوردنشینەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست.

پلانێک کە بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، رێگە بە گواستنەوەی نەوتی هاوکات لە هەرێمی کوردستانی عیراقیش دەدات و دەکرێت دیمەشق بکاتە ناوەندی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچە کوردستانییەکانی عیراق و سوریاوە.

کەناڵەکانی ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویان کردەوە کە پرسی هەناردەکردنی نەوت لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە 17ى حوزەیران لە نێوان تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سوریا و عیراق، له‌گه‌ڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات تاوتوێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای ناسراو بە “کۆمپانیای نەوتی سوریا” بەنیازە هێڵی بۆری نەوتی قورس بە توانای رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست دروست بکات.

هەروەها سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم بۆرییە تەنیا لە گواستنەوەی نەوتی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا سنووردار نابێت، بەڵکو نەوتی هەرێمی کوردستانیش هەناردە دەکات.

بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان حکومەتی ئەمه‌ریکا، بە فەرمیی ئە زانیاریانه‌یان پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە تەنها لەسەر بنەمای پاگەندەی سەرچاوە ئاگادارەکانە کە لەلایەن ئەلعەرەبیە و ئەلحەده‌سەوە وەرگیراوە.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان