مەودا میدیا-
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوەو سەرەڕای شەڕ و پێکدادانەکان، کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوە ستراتیژیی و بازرگانییەکان و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان لە ناوچەکەدا رەهەندێکی مێژووییان هەیە، بەڵام دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە قۆناغێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوەدایە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند “سیستمی حکومڕانی لە ئێران لە قەیرانێکی قوڵ و بێچارەسەردایە کە ناتوانێت خۆی لە لێکەوتەکانی دەرباز بکات، حکومەتی ئێران جگە لە شەڕ، رووبەڕووی سزا و گەمارۆی قورسی ئابووریی و فشاری فرەچەشن بووەتەوە کە بەرەو لێواری داڕمان یان لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر ناوچە جیاوازەکانی دەبات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەم گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانەشدا، جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەکاریی هەمەلایەنەی مەیدانی، سیاسی و دیپلۆماسی دەکەنەوە و نابێت بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها رۆڵی چاودێری هەبێت، بەڵکو پێویستە بە پلانی تۆکمە و ستراتێژییەکی روونەوە ئامادەی هەر پەرەسەندنێک بێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بەستراوە بە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان رەهەندە نەتەوەییەکان، کە بریتییە لە پاراستنی مافە رەواکان و دەستەبەرکردنی شوناسی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس و ئیرادەی نەتەوەیی کورد لە ئێرانی داهاتوو لەگەڵ ئازادییەکانی ژنان، پرسی دیموکراسی، داخوازییە مەدەنییەکان و بەها پیشکەوتووەکانی کۆمەڵگە”.
باسی لەوەشکرد “وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێزەکان و لایەنە سیاسییەکان پێویستە بۆچوون و توانای حزبی بخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەیان و هەماهەنگییەکانیان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەهێزتر بکەن، پێویستە لە بواری سەربازیی، ئەمنی، رێکخستنی و دیپلۆماسییەوە هەنگاوی هاوبەش بنرێت و هەوڵەکانی هاوپەیمانیی خێرا ببنەوە و دیالۆگ و لۆبیکردن لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستە نێونەتەوەییەکان و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخواز لە ئێران بەڕێوەبچێت”.
ب ح