سیروان مەحمود
لەنێو نیو سەدەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ناوچەکەماندا، گۆڕینی بە رواڵەتیی رژێم و دەموچاوەکانی، هەمیشە دەستکەوت و دەرئەنجامەکانی دڵخۆشکەر نەبوون وەك ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرا، میللەتانی ناوچەکە توڕەن لە دەموچاوە نوێکان و رەحمەت ناردن بۆ کفن دز وێردی سەر زمانیانە. ئەو تووڕەیە جێگیر بووە، چونکە دەستکەوتە تایبەتەکان بۆ سوودی کەمینەیەکە و سەرەکییەکەیش بۆ بەرژەوەندیی سیاسەتی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکەیە، بەشێکی نەگونجاویش لەگەڵ قەبارەی قوربانییەکان بۆ گشتی بووە.
بۆ هەرێمی خۆشمان لە باشووری کوردستان هەمان راستی بەرجەستە بووە و نکۆڵی لە بێزاریی خەڵکی بۆ خراپیی بەڕێوەبردن لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان ناکرێت. بەدرێژایی ئەزموونی ٣٥ ساڵی فەرمانڕەوایی خۆماڵی، نەتوانرا گۆڕانکاری و نوێکاریی ریشەیی لە سیستمی خراپی چەقبەستووی سیاسی و ئیداریی هەرێم بکرێت، لە ئەنجامیشدا نیشتمان و قەوارەکەی لە مەترسیدایە و ژیانی شایستەیش بۆ خەڵکەکەی دابین نەکراوە، ژیانێك هاوسەنگ بێت لەگەڵ قەبارەی ئەو توانا دارایی و مرۆییە گەورەییەی لە هەرێمدا هەیە.
هەموو چەند ساڵێك هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بۆ پێکهێنانی ئیدارە و پەرلەمانی نوێ، کارەکتەری بە رواڵەت نوێ دێنە پێشەوە بە هیوای گۆڕانکاری و وەلانانی قەیران و رەوینەوەی گازندە و رەخنەی زۆری میللەتەکە لە دەسەڵات، بەڵام تاقیکردنەوە چەندبارە تاڵەکان ئەوەی سەلماند هیچ هەنگاوێکی هەستپێکراو نەنرا بۆ ئەو هیوایە، بگرە لە ئەنجامی ئەو پرۆسە رووکەشییە، قەیران و گرفت و ناکۆکییەکان کەڵەکە و ئاڵۆزتر بوون. دیارە هۆکارەکەیشی زانراوە، گۆڕانکاریی ریشەیی تەنها بە گۆڕینی دەموچاوەکانی حکومەت و پەرلەمان بە دەموچاوی نوێی بەیعەتخواز نایەتە دی.
تاقیکردنەوەی میللەتانی جیهانی پێشکەوتوو سەلماندویەتی، برەودان بەدەستکەوت و چاککردنەوەی هەڵەکانی دامەزراوەکانی هەر قەوارەیەکی ئیداری، بەستراونەتەوە بەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی دەکرێت لە کوالێتیی کارەکتەرەکان و بەرنامەی جیاوازییان بۆ سیستمی بەڕێوەبردن، نەك بە خۆبەستنەوە بەناوی بریقەدار بۆ پڕکردنەوەی پۆست بێ ئەوەی هیچ فەلسەفەیەکی ئیداریی جیاواز لە هەگبەیدا هەبێت بۆ چاککردنەوە و پێشخستنی ئەو ئیدارەیە.
بۆ هێنانە پێشەوەی عەقڵیەتی جیاواز، بتوانێت گۆڕانکاری و نوێکاریی کاریگەر بکات لە شێوازی بەڕێوەبردن بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان و بنیاتنانی سیستمی هاوچەرخ، پێویستە بەرپرس و ناودارانی سەرەوەی هەرێم، دەستبەرداری بنەما کۆنەکان بن، واز لە پێوەرەکانی خزمخزمێنە و دڵسۆزی بۆ کەسی کاریزما و حزب و عەشیرەت بهێنن لە هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەسانی نوێ، زەمینە بڕەخسێنن بۆ پەروەردەی تەندروستی نەوەیەکی نوێی جیاواز و خاوەن فەلسەفەیەکی جیاواز بۆ ئیدارەدانی حکومڕانی.
دەردی ئێمە لە نەبوونی کەسایەتی بە توانا نییە، بەڵکوو لەو قاڵبە فیکرییەی خوارەوەیە ئەو کەسانەی تێدا بەرهەم دێت، فەرمانڕەوایەك یان بەڕێوەبەرێكی دەستەمۆکراوی نوێ بێتە پێشەوە بە هەمان عەقڵیەت و دەسەڵاتی پێشوو و لە هەمان ژینگەدا کاربکات، بەدڵنیایی خۆی و ئیدارەکەی دەبێتەوە بەشێك لە تیم و سیستمە شکستخواردووەکەی پێش خۆێ و چاوەڕوانی گۆڕانکاری ئەرێنیی هەستپێکراوی لێ ناکرێت.
ئەگەر گۆڕانکاریی کاریگەر و نیشتمانمان مەبەستە، دەبێت نەوەیەکی نوێی جیاواز، لە دەرەوەی بازنە باوەکان پەروەردەکرابێت فەرمانڕەوایی بگرێتە دەست، مەرجەکانی (هاوچەرخی، زانستی و بوێری)ی تێدا بێت لەبری سۆز و بەیعەت، ئەوسا کار و بڕیار و شێوازی حکومڕانی لەسەر بنەمای زانست و داتا و کۆمەڵناسی و نزیكبوونەوە لە جیهانی پێشکەوتوو دەبێت، لە سایەیدا نیشتمان لە گەشەسەندندا دەبێت و پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ گشتی دابیندەکرێت. بۆیە بە لۆژیك دەڵیین، لە ئەگەری سەرخستنی هەوڵەکانی پێکهێنانی فەرمانڕەوایی داهاتوو، پێویستمان بە کەسانی نوێی خاوەن هزری جیاوازە، نەك کەسانی بە رواڵەت نوێ.
خ.غ