درەوشانەوەی کاتی و قورسایی بەرپرسیارێتی

دێرین جەمال

مرۆڤ لە گەشتە درێژەکەیدا بە نێو قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا، بەردەوام لە گۆڕان و گەشەکردندایە. کاتێک مرۆڤێک لە کایەیەکی دیاریکراودا جا ئایینی،  پەروەردەیی، تەندروستی، پزیشکی، رۆشنبیری، هونەری یان سیاسی بێ، هەنگاو دەنێت، کەم کەم شوێنپەنجەی خۆی جێدەهێڵێت. بەناوبانگبوون و ناسراویش، یەکێکە لەو وێستگانەی کە زۆرجار بەهۆی کارێکی گەورە، بەرپرسیارێتییەکی باڵا، یان تەنانەت بەهۆی هەڵوێستێکی بچووک، بەڵام کاریگەرەوە دێتە کایەوە.

هەندێکجار وا دەبێت مرۆڤێک ساڵانێکی زۆر بە بێدەنگی و لە پشتی پەردەکانەوە وەک پزیشکێک یان کارمەندێکی تەندروستی لە ناوەندێکی چارەسەریدا خزمەتدەکات، کەچی تەنها یەک دیمەنی پڕ لە بەزەیی لەگەڵ نەخۆشێکدا، یەک بڕیاری خێرا بۆ رزگارکردنی ژیانێک لە کاتێکی حەتمیدا، یان یەک هەڵوێستی مرۆیی بچووک، ناوی ئەو مرۆڤە دەخاتە سەر زاری هەمووان و دەبێتە پردی ناسینی. لێرەوە، ناسنامەی مرۆڤەکە قۆناغێکی نوێ بەخۆوە دەبینێت.

 ناسکیی ناوبانگ: وەک منداڵێکی تازە پێگرتوو

بەناوبانگبوون تەنها دەستکەوت یان ئیمتیاز نییە، بەڵکوو لە راستیدا دەستپێکی تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە. مرۆڤی بەناوبانگ دەبێت بزانێت کە ناوبانگەکەی:

رێک وەک  منداڵێکی تازە پێگرتوو  وایە، هێشتا هەنگاوەکانی جێگیر نین، ناسکە و پێویستی بە چاودێریی بەردەوام هەیە. ئەگەر بۆ چرکەیەک چاوت لەسەری لابەریت، رەنگە بکەوێت و زیانی پێبگات.

کاتێک مرۆڤ لە بواری تەندروستیدا یان هەر بوارێکی تردا دەبێتە جێی سەرنجی کۆمەڵگە، هەموو جووڵە و وشەیەکی دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەوە. پاراستنی ئەم پێگەیە پێویستی بە هۆشیارییەکی قووڵ هەیە، چونکە بەناوبانگبوون جۆرێکە لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی. ئەو چرایەی کە ئەمڕۆ رێگەی پێ رووناک دەکەیتەوە، ئەگەر ئاگاداری نەبیت، رەنگە سبەی خۆتی پێ بسووتێنیت.

چۆن مرۆڤ رێز لە ناوبانگی خۆی بگرێت؟

بۆ ئەوەی ناوبانگ ببێتە رێزلێنان نەک بارگرانی، پێویستە مرۆڤ چەند بنەمایەک بپارێزێت:

 پاراستنی رەسەنایەتی: گرنگە مرۆڤ لەگەڵ گۆڕانی قۆناغەکانی ژیانیدا، ناوەوەی خۆی و ئەو بنەمایانە لەدەست نەدات کە لەسەری پەروەردە بووە. ناوبانگ نابێت ببێتە هۆی دابڕان لە واقیع و سادەیی.

 مامەڵەی هۆشیارانە لەگەڵ پێگەدا: هەر کایەیەک (سیاسی، تەندروستی، هونەری یان رۆشنبیری) زمان و رەفتاری تایبەت بە خۆی هەیە، رێزگرتن لە ناوبانگ واتە بەکارهێنانی ئەو پێگەیە بۆ خزمەتی چاکەی گشتی و سوککردنی ئازاری مرۆڤەکان.

 سەنگینی لە کاتی تەنگژەکاندا: مرۆڤی بەناوبانگ دەبێت هەمیشە پێش بڕیاردان یان دەربڕینی هەڵوێست، لێکدانەوە بۆ لێکەوتەکانی بکات.

 یەک کردار و گۆڕینی تەواوی ناسنامە

مرۆڤایەتی مێژوویەکی دووری لەگەڵ ئەم هاوکێشەیەدا هەیە، هەندێکجار گەورەترین مێژوو بە یەک هەڵەی بچووک دەسڕێتەوە و زۆرجاریش ناوێکی نەبیسراو بە یەک جومگەی مرۆیی دەبێتە سیمبولی سەردەمێک.

تەواوی ناسنامەی مرۆڤێک، کە رەنگە بە ساڵان دروستی کردبێت، دەکرێت بەهۆی یەک هەڵوێستی نەشیاو، یان یەک کرداری بێباکانەوە بە تەواوی رووخساری بگۆڕێت و لە لوتکەوە بیهێنێتە خوارەوە. بە پێچەوانەشەوە، کردارێکی پڕ لە حیکمەت، لێبوردەیی و دڵسۆزی دەتوانێت مرۆڤێک لە لێواری فەرامۆشییەوە بباتە ریزی نەمرانی مێژووەوە.

بەناوبانگبوون دیاریکردنی سنوورێکی نوێیە بۆ ژیان. مرۆڤی ژیر ئەو کەسەیە کە کاتێک تیشکی رووناکی دەکەوێتە سەر، هەمیشە سادەیی و مرۆڤبوونی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، چونکە دەزانێت مانەوە لە دڵی خەڵکیدا پێویستی بە پاراستنی ئەو منداڵە تازە پێگرتووە هەیە کە ناوی ((بەرپرسیارێتی))یە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان