پەرلەمانی عیراق داوای كردنەوەی دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی دەكات

مەودا میدیا-
پەرلەمانی عیراق داوا لە حكومەت دەكات بەردەوام بێت لە كردنەوەی دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە چەند كەرتێكی گرنگدا، پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ ئەو رێوشوێنانە دووپاتكردەوە كە ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و وەرگرتنەوەی سامانی گشتییە.

لە بەیاننامەیەكدا پەرلەمان جەختی لەوە كردووەتەوە كە” گەندەڵی یەكێك بووە لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەكانی بەردەم دەوڵەتی عیراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و پلان و دروشمەكانی پێشوویش نەیانتوانیوە ئەنجامە خوازراوەكان بەدەستبهێنن، ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی جددیتر و كاریگەرتر هەیە بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران”.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە” وەڵامدانەوەی پەرلەمان بۆ داواكارییەكانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی چەند ئەندامێكی نوێنەرایەتی، یارمەتیدەرێكی باشە لە دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا”.

ئەنجومەنەكە داواش لە حكومەت دەكات” لێكۆڵینەوە لە دۆسیە دیارەكانی گەندەڵی بكاتەوە، لە پێش هەموویانەوە فایلی باج ناسراو بە “دزی سەدە”، هەروەها فایلەكانی پەیوەست بە كەرتی وزە و گرێبەستی كارەبا، كەرتی وەبەرهێنان و مۆڵەتی وەبەرهێنان، پڕۆژە و گرێبەستی نیشتەجێبوون و ئاوەدانكردنەوە، كەرتی تەندروستی لەوانەش گرێبەستی بیناسازی نەخۆشخانە و هاوردەكردنی ماددەی هۆشبەر، گواستنەوە، بەندەر و هێڵی ئاسن و گرێبەستەكانی چەك لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ”.

ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی دەكاتەوە كە “بەردەوام دەبێت لە رێگەی دەسەڵاتی چاودێری و لیژنە تایبەتمەندەكانییەوە، لە پێدانی زانیاریی بەردەست بە دەزگا پەیوەندیدارەكانی دژە گەندەڵی و چاودێریكردنی بەرەوپێشچوونی لێكۆڵینەوەكان لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتی پەرلەمانییەوە. ئەمەش بۆ دەستەبەركردنی وەرگرتنەوەی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لەو كەسانەی پەیوەندییان پێوە هەیە و بەهێزكردنی رۆڵی یاسادانان و چاودێریكردن لە بنبڕكردنی گەندەڵی و دامەزراندنی بنەماكانی یەكپارچەیی و شەفافیە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان