مەودا میدیا-
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی گەڕەکی بارووتخانە و بەدەمەونەچوونی داواکارییەکانیان بەتووندی وەڵامی کەناڵی ئاڤا میدیای سەربە پارتی دەداتەوە.
د.ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند “ماوەی سێ ساڵە پارتی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکەی بایکۆتکردووە و رێگە بە دوو ئەندامەکەی نادات بەشداریی لە دانیشتنەکانی ئەنجومەندا بکەن کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی نەیارانی کوردە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوو ئەندامەکەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ماوەی سێ ساڵە نووستوون و دەوامیان نەکردووە بەڵام مووچە و ئیمتیازاتی خۆیان وەردەگرن و چەندجارێک داوای ئۆتۆمبێلەکانیان لە جۆری (شۆفرلێت تاهۆ) دەکەن کە دراوە بە ئەندامانی ئەنجومەنەکە”.
ئەوەشی خستەڕوو “زۆرجار پیلانەکانی پارتی دژی شاری کەرکوکی ئاشکراکردووە و رێگەیان نەداوە پیلانەکانیان بگاتە ئەنجام، لەئێستاشدا لە رێگەی میدیای زەبەلاح بە پارەی میللەت کەوتوونەتە دژایەتی کارو خزمەتەکانی ئەندامانی یەکێتی لە ئیدارەی پارێزگای کەرکوک، بەڵام رۆژێک بوێری ئەوەیان نییە پرسیار لە ملیارەها دۆلار و گەندەڵی سەرکردەکانی خۆیان بکەن”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشکەشکارێکی کەناڵی ئاڤای سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی هەوراز گوڵپی لە گەشتی هەواڵەکاندا هێرشدەکاتە سەر (د.ئەحمەد کەرکوکی) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە و بە کەمتەرخەم ناوی دەهێنت لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و داواکارییەکانیان.
ب ح