پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و حەیدەر بیکەسی برای لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند “خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف، بە هۆکاریی ئاژاوەنانەوە و کێشە، دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییان و موڵکی گشتیی، شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاوڵاتییەک ، سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە، هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی گشتیی دەستگیرکراون”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەردوو تاوانبار لە قەزای خەبات رێگرییان لە پرۆژەکانی حکومی، هەڕەشەکردن بە تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنی جیاجیای قەزاکە، هەروەها دوای هەبوونی سکاڵا لە دژیان لەلایەن هاولاتییانەوە، ئەمرۆ لە 2026/7/5، لەسەر فەرمانی دادگا هەردوو ناوبراو دەستگیرکران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن”.

ئەوەشی خستەڕوو “لێرەدا هاوڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە سەر و ماڵیان پارێزاوە و یاسا سەروەرە و رێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕیی بکات”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، خورشید هەرکی لەماوەی رابردوودا چەندجارێک رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی پارتی بووەوە و دواجار مانگی رابردوو رایگەیاند “کە لە ریزەکانی پارتی کشاوەتەوە و بەنیازە پارتێکی سیاسی تایبەت بە عەشیرەتەکەی لەسنووری هەولێر و دهۆک دابمەزرێنێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان