کۆڵبەرێکی تر بە دەستی هێزەکانی ئێران کوژرا

مەودا میدیا-

بەهۆی تەقەی هێزەکانی سنووری ئێران کۆڵبەرێکی گەنجی تەمەن (18) ساڵانی دانیشتووی شاری مەریوان گیانی لەدەستدا کە ئەمە دووەمین کۆڵبەرە کە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بکرێتە ئامانج

پێگەی کۆڵبەر نیوز بڵاویکردەوە “هێزەکانی پارستنی سنووری ئێران لە بنکەی وەیسە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لە کۆڵبەرێکی گەنج بەناوی (سەلاح خۆشنمەک) دانیشتووی شاری مەریوان کردووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کوژرانی سەلاح خۆشنمەک لە کاتێکدایە کە ئەمە دووەمین کۆڵبەرە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سنوور گیان لەدەستبدات، ئەمەش دەریدەخات کە بە مەبەست کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەکرێنەئامانج”.

ئەوەشی خستەڕوو “بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 2026دا، بەگشتیی 57 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و رێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ورمیە، سنە و کرماشان، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران، رەهێڵە و سەرماڕەقبوونەوە، چوونە سەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و هۆکارەکانی تر ، کوژراون و بریندار بوون کە 26 کۆڵبەر (46٪) کوژراون و 31 کۆڵبەر (54٪) بریندار بوون”.

باسی لەوەشکرد “لە کۆی ئەو 57 کۆڵبەرەی لە ساڵی 2026دا کوژراون و بریندار بوون، بەگشتیی 44 کۆڵبەر (77٪) بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژێم بووە کە لەم ژمارەیە، دوو کۆڵبەر (4٪) منداڵ کۆڵبەری تەمەن خوار 18 ساڵ بوون، کە حاڵەتێکیان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عیراق بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵ کۆڵبەرە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان