مهودا میدیا-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا چووهته توركیا بۆ لوتکەی ناتۆ، بهڵام هێشتا تووڕەیه لە هاوپەیمانەکانی کە رەتیانکردەوە هاوکاری بکەن لە شەڕی دژی ئێران، هەروەها بڕیاریش داوە توڕەییەکەی ئاشکرا بکات، بەپێی سایتى ئهکسیۆسى ئهمهریكى.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ بە ئاشکرا پرسیاری لە هێز و دڵسۆزی و لێهاتوویی نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمهریکا و شایستەیی ئەوان کردووە بۆ ئەو پاراستنەی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پشتیان پێبەستووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رەتکردنەوەی هەندێک لە هاوپەیمانان بۆ کردنەوەی بنکەی ئاسمانی بۆ هێرشەکانی ئەمهریکا بۆ سەر ئێران، یان ناردنی هێز بۆ یارمەتیدانی کردنەوەی گەرووی هورمز، تەنها گومانی ترەمپی لە هاوپەیمانییەکە چڕتر کردووەتەوە و بووەتە سووکایەتییەکی راشکاوانە.
ماڵپەڕەکە روونیشیکردووەتەوە، ترەمپ چەند هەفتەی دوای شەڕێک لەگەڵ ئێران بەسەربردووە و بە ئاشکرا رەخنەی لە سەرکردەکانی ئەوروپا گرتووە، لەنێویاندا ئەوانەی پێیانوابوو پەیوەندییە شەخسییەکانیان لەگەڵیدا دەیانپارێزێت لە توڕەیییەکەی.
هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای راگەیاند و بە لاوازی ناوی برد و ئاماژەی بەوەدا کە دوودڵییەکەی لە ئێران نیشانی دەدات کە وینستن چەرچڵ نییە.
ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەشکردووە، مارک روت، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەکێک لە راوێژکارە سەرەکییەکانی ترەمپ لە ئەوروپا، مانگی رابردوو نەیتوانیوە سەرۆکی ئەمهریکا بجوڵێنێت، کاتێک هێڵکارییەکی پێشکەشکرد کە تیشکی خستە سەر ئەو پارەیەی کە بە “تریلیۆن”ی ترەمپ ناوی بردووە لە خەرجییەکانی بەرگریی هاوپەیمانان.
بهپێى سایتهكه، ترەمپ کە بەپێی زانیارییەکان بە تەواوی بیری لە بایکۆتکردنی لوتکەی ناتۆ کردووەتەوە، بیرۆکەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت “پێویستمان بە پارەکانیان نییە- پێویستمان بە هیچ شتێک نییە، من تەنها دڵسۆزیم دەوێت”.
روونیشی کردەوە کە نیگەرانییەکان لە ئەوروپا پەرەدەسەنن بەوەی بێڕێزیکردنی ترەمپ بۆ هاوپەیمانان کاریگەری لەسەر بوونی سەربازی ئەمهریکا لە کیشوەرەکەدا دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا پێشتر ژمارەی لیواکانی شەڕی سوپای ئەمهریکای لە ئەوروپا لە چوار لیوا بۆ سێ لیوا کەمکردۆتەوە و جێگیرکردنی پلان بۆ داڕێژراوی نزیکەی 4 هەزار سەربازی بۆ پۆڵەندا هەڵوەشاندەوە.
هەروەها ئەمهریکا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فڕۆکە و تانکەر و کەشتییە جەنگییەکان کە لەبەردەستی ناتۆدایە لە ئەگەری دروستبوونی قەیراندا، ئەمەش ئەوروپای ناچارکردووە پلانی جەنگێک دابنێت کە هێزی ئاگرینی کەمتری ئەمهریکی بێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمهریکا مانگی رابردوو پێداچوونەوەی شەش مانگەی بە هێزەکانی ئەمهریکا لە ئەوروپا راگەیاند و هاوپەیمانەکانی بە “شەرمەزارکەر” وەسفکرد، بەهۆی ئەوەی رەتیانکردووەتەوە رێگەی چوونە ناو بنکەکانیان بدەنە ئێران بۆ هێرشکردن.
ع