مەودا میدیا-
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایانی كەشناسی، لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێكی نوێی گەرما رووی كردووەتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و لەمڕۆشەوە بە تەواوی هەست بە گەرماكە دەكرێت.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند” لە دوێنێ هەینییەوە شەپۆلێكی گەرما گەیشتووەتە ناوچەكانی هەرێم، بەڵام چەقی شەپۆلەكە لە ئەمڕۆ شەممەوە دەستپێدەكات و تا رۆژی یەكشەممە و دووشەممە بەردەوام دەبێت”.
وتیشی” لەو رۆژانەدا پلەكانی گەرما بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو بە رێژەی 4 بۆ 5 پلە بەرزدەبنەوە كە ئەمەش دەستپێكی دووەم شەپۆلی گەرمای بەهێزی ئەمساڵە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بۆ رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە لە شارەكانی هەرێم بەمشێوەیە دەبێت، سلێمانی 43 پلە، هەولێر 43 بۆ 45 پلە، دهۆك 42 پلە، هەڵەبجەی شەهید 44 بۆ 45 پلە، كەركوك 45 بۆ 46 پلە، پێنجوێن 38 بۆ 39 پلە، كەلار 46 بۆ 47 پلە، حاجی ئۆمەران 35 پلە”.
ئ پ