بەرەو دەربازبوون لە عەقڵیەتی چەقبەستوویی حوکمڕانی

دانا حەمید
دیاریکردنی سەرمایەدار عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی گۆڕانگارییەکانی ناوچەکە، هەنگاوی دەربازبوونی عیراق بوو لە هەرەس و تێوەگلان لە جەنگی بەرەکان کە ئەمەریکا رابەرایەتیی ئەو جەنگەی دەکرد و ئامانج لێی ریشەکێشکردنی بیری چەقبەستووی حوکمڕانی بوو لە ناوچەکە.

ئەوەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ روویدا رووبەڕووبوونەوەی کرداریی گەندەڵییە لە عیراق، هەروەها هێنانەدی بەڵێنەکانی عیراقە لە رێگەی سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ کردنەوەی عیراق بە رووی حوکمڕانێکی مۆدێرنی کاپیتاڵی دوور لە هەژموونی میلیشیا و بیری تەقلیدی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوەی دیکە.

گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە لە بەرانبەر کۆمپانیاکانی چین کە حکومەت و سەرۆک وەزیران بە رەسمی رایگەیاندبوو کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پێشینەن بۆ وەرگرتنی پرۆژەکانی نەوت و وزەی عیراق؛ ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە عیراق لە قۆناغی سەردەمێکی نوێدایە بۆ قوتاربوون لە چنگی گەندەڵی و بەهەدەربردنی سامانەکەی بە بیانووی جیاجیای بیری تەقلیدی.

ناوەندی هێز کە ئەمەریکایە لە بەرانبەر نەیارەکانی وەک چین و رووسیا، هێزێکی زۆری بەخشی بە عیراق لە رێگەی دیاریکردنی تیمی نوێ تا عیراق لە لێواری هەرەسەوە بگۆڕێت بەرەو هەنگاوی دژە گەندەڵی و بە سیستمکردنی حوکمڕانیی وڵات کە ئەمەریکا چاودێری دەکات.

تیمە نوێیەکەی حوکمڕانی لە عیراق کە بریتییە لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، ئومێدێکی گەورە دەبن بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی و سەرپێخستنەوەی عیراق لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەنگاونانی عیراق بەرەو بە دامەزراوەییکردن و خستنەگەڕی سیستمی نوێی حوکمڕانی.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان