مەودا میدیا-
مێژووی جەنگ و کوشتار و کۆمەڵکوژی و داگیرکاری، پڕن لە رەفتارە بەد و نامرۆڤانەکانی کەسانێک، بەڵام لە بەرانبەریشدا؛ جوامێری و هەڵوێستە ناوازە و بەها بەرزەکانی مرۆڤانێکی تر لە هزری مرۆڤایەتیدا تۆمارن و یادیان بەرز رادەگیرێت… بەگشتی ئەمە لە هەموو شوێنێک و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکاندا هەیە.
بەدرێژایی مێژووی دروستکردنی دەوڵەتی عیراق، دەیان شەڕ و دەستدێژی و ستەم و کودەتا و داگیرکاریی هەن، ترۆپکی ئەو زوڵم و ستەمانە، جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەیە. لەو دوو کردە نامرۆڤانەیەدا، لە بەرانبەر تۆماری رەشی نامرۆڤانەی هەزاران کەسی زاڵم و خۆفرۆشدا، دەیان داستانی جوامێری و بەرخۆدانیش هەن؛ هەڵوێستی جوامێرانەی شێخ حسێنی هەزارکانی، یەکێکە لە داستانە دیار و بەرچاوەکانی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە لە جینۆسایدی ئەنفالدا، کە لەم چاوپێکەوتنەدا لە رێگەی دواندنی مەلەک خانی خوشکییەوە، تۆزی سەر ئەو مێژوو لا دەبەین و جارێکی تر دەیخەینەوە بەر دیدەی نەوەی ئێستا و داهاتوو…
– ناوم مەلەک شێخ کاکەحەمە شێخ فەرەج شێخ حەسەنە، لە ساڵی 1952 لە گوندی هەزار کانی لەدایک بووم.
– تەمەنی منداڵیم لە هەزار کانی بەسەربردووە؛ ژیانێکی کوردەواریی خۆش و لادێیی سادە و پڕ لە هەستی جوان بوو… لەگەڵ دراوسێکان وەک خوشک و برا بووین، تەنانەت پەیوەندیمان لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەریش زۆر خۆش و باش بوو. رق و کینە نەبوو، هەموو شتێک دەستەوایی بوو، لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوە بووین.
– بەڵێ، بەیەکەوە گەلەجووت و گەلەدرەو دەکرا. بەدوای کێشەدا نەدەگەڕاین، ئەگەر کێشەیەکیش هەبوایە، ئەوا بەخێرایی چارەسەر دەکرا. دەتوانم بڵێم کەمترین کێشە هەبوو.
– ژیانی کچان لەو سەردەمەدا، بەتایبەتی لە گوندەکاندا، زۆر لە یەک دەچوو؛ ئێمە زیاتر لە ماڵ و تەکیە بووین. ماڵمان چونکە قەرەباڵخ بوو، ئەگەر ناسیاو بوونایە، ئاسایی بوو لە لایان بین، بەڵام ئەگەر بێگانە بوونایە، ئەوا ئێمە بەشی ژنان جیاواز بوو و لەوێ دەماینەوە، زیاتر هاوکاری و دانیشتمان لەوێ بوو.
– نەچوومەتە بەر خوێندن، چونکە بۆ یەکەم جار، لە ساڵی 1978 قوتابخانە لە هەزار کانی کرایەوە، لە سەردەمی منداڵیی مندا نەبوو. بەڵام ماوەیەک چوومە بەر خوێندن لە نەهێشتنی نەخوێندەواری و دواتر وازم هێنا.
– گوندی هەزار کانی، کە پێشتر بە ئاوایی شێخ حەسەن ناسرابوو، یەکێکە لە گوندەکانی گەرمیان، لە رووی جوگرافییەوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی سەرقەڵا، بەڵام پێشتر لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی تیلەکۆ بووە. گوندەکە لە سەردەمی خۆیدا تایبەتمەندیی خۆی هەبوو بە بەراورد بە ئاوایی و گوندەکانی تری گەرمیان، چونکە هەموو جۆرە خەڵکێک و سەرجەم چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان روویان تێ دەکرد. جگە لەوەش، لانکەی سەرجەم شۆڕشەکان بووە بە بێ جیاوازیکردن لەگەڵ لایەن و بیروبۆچوونە جیاوازەکان، بەتایبەتییش لە سەردەمی شەهید شێخ حسێنی برام.
– سەرەتا گوندەکە وەک ماڵ، هەشت بۆ دە ماڵ بوون، جگە لە دەروێش و خەلیفەکان، کاتێکیش قوتابخانە کرایەوە، شێخ حسێن ماڵی تری هێنا و تا ئەنفال، نزیکەی بیست ماڵێک دەبووین، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە هەموو لایەکەوە روویان لە ناوچەکە دەکرد. جاری وا هەبوو رێگە و جێگە نەبوو بۆ خەڵک.
– هەزار کانی بۆ یەکەم جار، لە ساڵی 1917 لەلایەن باوکمەوە، شێخ کاکەحەمەی شێخ فەرەج، بنیات نراوە. لەگەڵ بنیاتنانی گوندەکە، تەکیەکەشی داناوە. باوکم پیاوێکی خوێندەوار بوو، خاوەن تەکیە و دەروێش و خەلیفە بوو، لەسەر تەریقەی قادری، ئیمانداریی خۆی کردووە.
ئەو تەریقەتەی لەسەر دەستی شێخ کەریمە سووری کەسنەزانی وەرگرتووە و مۆری تەریقەتەکەشی پێ داوە، کە تا ئێستاش ئەو مۆرە پارێزراوە.
– دوای کۆچی دوایی باوکم، شێخ سەڵاحی برام، لەسەر رێبازی باوکم بەردەوام بوو. شێخ سەڵاحی برام، لە ساڵی 1964 کۆچی دوایی کرد، دوای ئەو، شێخ حەسەنی برام، بەداخەوە ئەویش زۆر زوو کۆچی دوایی کرد و کوڕێکی لە پاش بەجێما، بەناوی محەمەد، شێخ حسێن گەورەی کرد، کە بەداخەوە ئەویش بەر شاڵاوی ئەنفالی بەدناو کەوت.
ئینجا دوای ئەو، شێخ حسێن لەسەر ئەو رێباز و فەرمانە بەردەوام بوو. شێخ حسێن، بە بەردەوامی پەرەی بە تەکیەکەمان دەدا، پڕ بوو لە خەڵک و لە خەلیفە و دەروێش و میوان و زیکری بەکۆمەڵی تێدا ئەنجام دەدرا.
– شێخ حسێن زۆر تایبەت و کراوە بوو، هەمیشە رووخۆش و دەمبەخەندە بوو. ماڵی کراوە بوو، وەک حاتەمیتای وابوو، تێکەڵی سەرجەم توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەبوو، ئەوەندە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی بەهێز و فراوان کردبوو، سەردانی ئاواییەکانی تری دەکرد و دۆستایەتی پتەو دەکرد و تێکەڵ بە هەموو چین و توێژ و هۆز و تیرەی جیاواز دەبوو… بەسادەیی هەڵسوکەوتی دەکرد، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و بەشەکانی تر عیراق دەهاتنە زیارەتی، بۆ نموونە؛ لە شارەکانی بەغدا و رومادی و فەلوجەشەوە خەڵک دەهاتن.
– زیکری بەکۆمەڵ، دەنگی دەف و سروودی ئایینیی ئەو سەردەمە، بەردەوام لە بیرەوەریمدا ماوە و بیرم ناچێتەوە، هەرچەندە ئێستاش دەکرێت، بەڵام هەستی ئەو سەردەمە جیاواز بوو.
– لە ساڵی 1972 هاوسەرگیریم کرد.
هاوسەرگیرییەکەم بە ویستی خۆم بوو، لەژێر هیچ گوشارێکدا نەبووم، چونکە من بچووکی هەموویان بووم و خۆشەویست بووم، هەرچەندە خوشکێکم لە من منداڵتر بوو، بەڵام هەر لە منداڵیدا کۆچی دوایی کرد. شێخ حسێنیش، کە یەک ساڵ لە من گەورەتر بوو، وەک برایەکی گەورە زۆر رێزی لێ دەگرتم و خوشک و براییمان زۆر خۆش بوو.
– دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد، چوومە کفری، بەڵام ئەوەندەی لە هەزار کانی بووم، هەر ئەوەندەش لە کفری دەبووم.
– ئێمە چوار خوشک و سێ برا بووین. یەکێک لە خوشکەکانم، لە دایکێکی تر بوو.
– دادە ئایشە و دادە زەینەب بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن، بەڵام هەر زوو ئەوانیان لە شێخ حسێن و منداڵەکانی جیا کردبوونەوە و بەرەو نوگرەسەلمان ناردبوویانن.
دوای پێنج مانگ، دادە ئایشە ئازاد کرا و دوای هەشت مانگیش، دادە زەینەب. هەردووکیان لە ژیاندا نەماون، لەدوای شێخ حسێن سوێیان بووە و بەحسرەتەوە دیقیان کرد.
– راستە، باسکردنی ئەو رووداوە، کولانەوەی برینێکی قووڵ و پڕ سوێیە؛ لە رۆژی 14ی نیسانی 1988، لە کاتی شاڵاوی ئەنفالی سێدا، شێخ حسێن و هەردوو هاوسەر و منداڵەکانی و کەسوکار و هەندێک لە دەروێشەکان، کە لەو ناوە بوون، لە گوندی ملەسوورە، لەلایەن سوپا و جاشە بەکرێگیراوەکانەوە دەگیرێن و لەگەڵ خەڵکەکە راپێچیان دەکەن.
لە کاتی گواستنەوەیان بەرەو قۆرەتوو، لە ساتەوەختی گەیشتنیان و تێپەڕبوونیان بەناو کەلاردا، لەلایەن چەند دۆست و خزمێکەوە دەرفەتێکیان بۆ دروست دەکەن، تا خۆی و خێزانەکەی رزگار بکرێن. پێیان وتووە ئێوە بە بڕیارێکی سەرەوە ئازاد کراون، بۆیە خۆت و ماڵ و منداڵەکەت بڕۆنە دەرەوەی ئەم کۆمەڵەیە و ئازاد بن، بەڵام شێخی گەورە و جوامێر بەوە رازی نابێت و دەڵێت: ناڕۆم، مردن و ژیانمان بەیەکەوە دەبێت. بڕیارەکە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: یان هەموومان بەیەکەوە ئازاد دەکەن، یان منیش لەگەڵ ئەوانم و جیا نابمەوە.
زۆر ئاسان بوو خۆی و ماڵ و منداڵەکەی رزگاریان ببێت، بەڵام ئەو لەنێوان مردن و رزگاربوونێکی ئاوادا، مردنی هەڵبژارد و وتی: چارەنووسی منیش وەک ئەوانی ترە!
شێخ حسێن بەو هەڵوێستە کەموێنەیەی، بوو بە یەکێک دیارترین سیمبولەکانی ئەنفال. ئەو، پێشتر وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی، پێگەیەکی دیاری لە نێو خەڵکی گەرمیاندا هەبوو، بەڵام ئێستا هەزار جار پێگەکەی بەرزتر بووەتەوە وەک شەهیدێک، پیاوێکی خۆنەویست و کەسایەتییەکی ئایینیی راستەقینە، دڵسۆزێک بۆ نیشتمان و هاونیشتمانییەکان و شوێنکەوتووەکانی… بوو بە سەرگەورەی کاروانی روو لە مەکینەی مەرگی بەعسییە رەگەزپەرستەکان و کۆمەڵکوژ کران.
– بەهۆی هاوسەرگیریمەوە ماڵمان لە کفری بوو، هەرچەند لەنێوان کفری و هەزار کانی بەردەوام لە هاتوچۆدا بووم، بەڵام لەو کاتەی ئەوان گیران، من لە کفری بووم.
– کۆتا جار کە بینیم، سێ رۆژ بەر لە ئەنفال بوو، هات بۆ ماڵی ئێمە لە کفری، زۆر بێتاقەت بوو. وتی: نازانم چۆن دەرچم لە هەزار کانی، ئەو ماڵ و موڵک و خەڵکە چۆن جێ بهێڵم، من چی بکەم لە شار! وتم: خۆت منداڵەکان وەرنە ئێرە. وتی: خوا کەریمە، با بزانین چۆن دەبێت… کاتێک گەڕایەوە بۆ هەزار کانی، چاکەتەی لەبیر چوو، هەتا ئێستاش ئەو چاکەتەم لا ماوە و پاراستوومە.
– لە ئێستادا من و هاواری کوڕم سەرپەرشتیی تەکیەکە دەکەین و چاودێریی دەکەین. دەروێشەکان زۆر رێزمان لێ دەگرن، لە زیکری بەکۆمەڵ و بۆنە ئایینییەکاندا بەیەکەوە ئامادە دەبین و سەرپەرشتی ئەو بۆنانە دەکەم و چاوم لە تەکیە غافڵ ناکەم.
– هەرچەندە ماڵم لە سلێمانییە، بەڵام زۆربەی کاتەکانم لە هەزار کانی لەگەڵ دەروێش و خەلیفەکان بەسەردەبەم.
– بەداخەوە، حکومەت هیچ هاوکارییەکمان ناکات و بەتەواوی پشتگوێ خراوین، هەر ناوچەکە بەگشتی پشتگوێ خراوە. حکومەت دەبوو لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی شێخ حسێن، هەر هیچ نەبێت هەزار کانیی ئاوەدان بکردایەوە و خزمەتی بکردایە.
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
خ.غ